ناوچه‌كه ده‌كوڵێت
جیهان چاوه‌ڕێی هێرشی ئێران بۆ سه‌ر ئیسرائیل ده‌كات
964+
ئه‌رسه‌لان عه‌بدوڵا
به‌رپرسێكی ئه‌مریكی به رۆژنامه‌ی ۆرڵد ستریت جۆرناڵی ئه‌مریكی راگه‌یاندووه، له ماوه‌ی 24 تا 48 كاتژمێری داهاتوو، ئێران هێرش ده‌كاته سه‌ر ئیسڕائیل، سه‌رۆكی ئه‌مریكاش ده‌ڵێت، هێرشه‌كه‌ی ئێران بۆ سه‌ر ئیسرائیل نزیكه.
دوای لێدوانه‌كانی عه‌لی خامه‌نه‌یی رێبه‌ری كۆماری ئیسلامیی ئێران، كه رایگه‌یاند ده‌بێت ئیسرائیل له به‌رامبه‌ر بۆردومانی كونسوڵخانه‌ی ئێران له دیمه‌شق سزا بدرێت، جیهان چاوه‌ڕێی كاردانه‌وه و هێرشی ئێران ده‌كه‌ن.
به‌رپرسێكی ئه‌مریكی، كه ئاگاداری بارودۆخه‌یه، به‌بێ ئه‌وه‌ی ناوی ئاشكرا بكرێ، به رۆژنامه‌ی ۆرڵد ستریت جۆرناڵی ئه‌مریكی راگه‌یاندووه، پێشبینیی ده‌كه‌ن له 24 تا 48 كاتژمێری داهاتوو ئێران چه‌ند ئامانجێكی ئیسرائیل بۆردومان بكات.
له لای خۆیه‌وه سه‌رۆكی ئه‌مریكا دوێنێ له وه‌ڵامی رۆژنامه‌نووسان، كاتێك پرسیاری ئه‌گه‌ری هێرشی ئێران بۆ سه‌ر ئیسرائیلیان لێ‌كرد، رایگه‌یاند، هێرشه‌كه نزیكه.
جۆو بایدن داواشی له ئێران كرد ئه‌و هێرشه نه‌كات، هه‌روه‌ها پشتگیریی وڵاته‌كه‌شی بۆ ئیسرائیل دووپاتكرده‌وه.
چاودێرانی سیاسی و بارودۆخی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست، پێشبینیی فراوانبوونی گرژییه‌كانی ناوچه‌كه ده‌كه‌ن، به تایبه‌تی كه حزبوڵای لوبنانیش دوێنێ نزیكه‌ی 40 موشه‌كه‌ی ئاراسته‌ی ئیسرائیل كرد و پێشبینیی ده‌كرێت ئیسرائیلیش وه‌ڵامی هه‌بێت.
فشاره‌كان له‌سه‌ر ئێران زیاتر ده‌بن
ئه‌مریكا له رێگه‌ی دیپلۆماسی و له چه‌ند كه‌ناڵێكی په‌یوه‌ندییه‌وه، په‌یامی بۆ ئێران ناردووه هێور ببێته‌وه و هێرشی سه‌ر ئیسرائیل نه‌كات، هه‌روه‌ك سه‌رچاوه‌كانی هه‌واڵ له دوو رۆژی رابردوو ئاشكرایان كرد، ئه‌مریكا له رێگه‌ی وڵاتانی وه‌ك عێراق، سعودیه، قه‌ته‌ڕ و ئیمارات په‌یامی هێوربوونه‌وه‌ی بۆ ئێران ناردووه.
له لایه‌كی دیكه هێڵه ئاسمانییه‌كانی ئه‌ڵمانیا، فه‌ره‌نسا و نه‌مسا گه‌شته‌كانیان بۆ ئێران راگرت و راشیگه‌یاند، ئاسمانی ئه‌و وڵاته‌ش بۆ گه‌شتی دیكه‌ش به‌كارناهێنن.
هه‌روه‌ها چه‌ند وڵاتێكیش داوایان له هاوڵاتیانیان كردووه ئێران جێبهێڵن و مه‌ترسی له ئارادایه.
ئه‌مانه هه‌موویان ئاماژه‌ن بۆ ئه‌گه‌رێكی به‌هێزی هێرشی ئێران بۆ سه‌ر ئیسرائیل و دواتریش وه‌ڵامی ئیسرائیل بۆ ئێران.
سیناریۆی هێرشه‌كه چۆن ده‌بێت؟
كەناڵی ABC نیوزی ئه‌مریكی، لە زاری بەرپرسانی ئەمریکییەوە بڵاویکردەوە، ئێران 100 مووشەکی کروزی بۆ ئەگەری هێرشی ئیسرائیل ئامادە کردووە، هەروەها ئاماژەکان بۆ ئه‌وه ده‌چن، ئێران به مووشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان هێرش بكات.
له به‌رامبه‌ر ئه‌وه‌شدا سه‌رۆكی ئه‌ركانی سوپای ئیسرائیل به میدیاكانی وڵاته‌كه‌ی راگه‌یاندووه، ئه‌وان بۆ هه‌موو هێرش و سیناریۆیه‌ك ئاماده‌ن.
بارگرژییەکانی نێوان ئێران و ئیسرائیل ئەو کاتە تۆخبوونەوە، کاتێک رۆژی 1.4.2024 لە رێگەی فڕۆکەوە ئیسرائیل کونسوڵخانەی ئێرانی لە دیمەشقی پایتەختی سوریا بۆردومان کرد و محەمەد رەزا زاهیدی سەرکردەی باڵای فەیلەقی قودسی ئێرانی کوشت و شەش کاربەدەستی دیکەی سەربازیی ئێران كوژران.