کەمپینێک بۆ پاراستنی تەندروستی

 +964

ئاودێر عومەر – هەولێر

لەگەڵ ئەوەی بە قسەی دکتۆر سەباح هەورامی سلێمانی لە پلەی یەکەمدایە، به‌ڵام تەندروستی  سلێمانی کەمپێنێکی دژ بە خۆراکی نا تەندروست راگەیاند.

کەمپینەکە لە رێگای بەڕێوه‌بەرایەتی خۆپاراستنی سلێمانیەوە ئامادەکراوە بۆ ئەوەی هاوڵاتیان خۆیان لە خۆراک و خواردنەوەی نا تەندروست بپارێزین.

تەندروستی سلێمانی لەم کەمپینە دوو ئامانجی هەیە، یەکێکیان بڵاوکردنەوەی هۆشیاری تەندروستییە و ئەوەی دیکە پشکنینە.

سەباح هەورامی، بەڕێوبەری گشتى تەندروستی سلێمانی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی رایگەیاند: لە رووی خاوێنی و تەندروستی خۆراکەوە، سلێمانی لەسەر ئاستی عێراق لە پێشەنگدایە، بە کردنەوەی ئەم کەمپینەش باشتر دەبێت.

سەباح هەوارمی وتی “ئەم کەمپینە تەنیا بۆ خۆراک نییە، بۆ ئەو کەسانەشە خۆراک ئامادە دەکەن و دەفرۆشن”.

کەمپینەکە 10 رۆژ دەخایەنێت، 320 کارمەندی بەڕێوه‌بەرایەتی خۆپاراستن و بەڕێوه‌بەرایەتی تەندروستی سلێمانی بەسەر 107 تیم دابەشکراون و لەناو سلێمانی دەگەڕێن.

دکتۆر ڕزگار عەلی، بەڕێوبەری خۆپاراستنی تەندروستی دەربارەی کاری تیمەکان وتی: تیمەکان رۆژانە لە کاتژمێر 8:30ـی بەیانی دەردەچن تاوەکو 9ـی شەو، پشکنین بۆ سەرجەم شوێنە گشتییەکان دەکەن، بەتایبەت ئارایشگا و کافتریا و مەلەوانگە و رێستۆرانتەکان”.