تویتەر.. ئەکاونتە ناچالاکەکان دەفرۆشێتەوە

+964

عادل کانەبی – هەولێر

لە هەنگاوێکی نوێدا کۆمپانیای تویتەر بەنیازە ئەو ئەکاونتە ناچالاکانە راگرێت و دووبارە بیانفرۆشێتەوە.

رۆژنامەی دەیلی مەیلی بەریتانی، لە راپۆرتێکیدا کە ئەمڕۆ یەکشەممە بڵاویکردۆتەوە، دەڵێ: ئەو هەنگاوەی تویتەر هەوڵێکە بۆ زیادکردنی داهات.


مانگی رابردوو، ئیلۆن ماسک لە رێگەی تویتێک رایگەیاند،  کە بەمنزیکانە دەست بە دەستکاریکردنی یەک ملیار و 500 ملیۆن ئەکاونت دەکات، ئەمەش ئاماژەیەک بوو بۆ ئەکاونتە ناچالاکەکان.

رۆژنامە بەریتانییەکە، هەوڵەکەی تویتەری بەستۆتەوە بەو زیانەی کۆمپانیایەکە کردوویەتی دوای ئەوەی ئیلۆن مەسک، خاوەنداریەتی تویتەری کردو، سیاسەتێکی نوێی راگەیاند.
 

سیاسەتی تویتەر رێگە بە کڕین و فرۆشتنی ناوی بەکارهێنەرانی تویتەر نادات، سەرەڕای ئەم یاسایە، بەدرێژایی ساڵان هەندێک کەس توانیویانە ناوی داواکراوەکان لە رێگەی بازاڕی رەشەوە بکڕن.

لە ساڵی 2020ـدا هەرزەکارێک دوای هاککردنی تویتەر و بەدەستهێنانی ناوی بەکارهێنەری دیار بۆ فرۆشتن دەستگیرکرا، بەو پێیەی ئەو هاککەرە هەژماری زۆرێک لە کەسایەتییە گشتییەکانی هاککرد، لەوانە ئیلۆن ماسک و باراک ئۆباما، سەرۆکی پێشووی ئەمریکا، بیل گەیتس و چەندانی دیکە .