لە وەرزى یەکەمى 2024 دا
208 ئاگر لە هەولێر کەوتووەتەوە
964+
وریا فەتاح
تەنیا لە وەرزى یەکەمى 2024دا، لە هەولێر 208 رووداوى ئاگرکەوتنەوەى جۆراوجۆر روویانداوە، جگە لە زیانە گیانییەکان 3 کەسیش گیانیان لەدەستداوە.
کاروان میراودەلى، وتەبێژى بەرگرى شارستانى هەولێر، ئامارى وەرزى یەکەمى ئاگرکەوتنەوەکانى وەرزى یەکەمى ئەمساڵ (1.1.2024 بۆ 21.3.2024)، بۆ 964 ئاشکرا کرد و بەپێى ئامارەکە دەردەکەوێت لەو ماوەیەدا لە سنورى بەرگرى شارستانى هەولێر 208 رووداوى جۆراوجۆر ئاگرکەوتنەوە روویانداوە.
لە رووداوەکاندا سێ کەس گیانیان لەدەستداوە، ئەفسەرێکى پۆلیسى گازو نەوت بووە کە بەرکەوتەى دووکەڵ بووە و لە کاتى گەساندنى بە نەخۆشخانە گیانى لەدەستداوە، یەکێکیان هاوڵاتییەک بووە کە بەهۆى تەقینى بتڵى غازەوە گیانى لەدەستداوە، سێیەمیان هاوڵاتییەک بووە کە بەهۆى سوتانى ئۆتۆمبێلەکە گیانى لەدەستداوە.
لە ماوەى ئەو وەرزەدا دوو کاریگەرترین رووداوى ئاگرکەوتنەوە روویانداوە، یەکێک لەوانە بازاڕى لەنگەى هەولێر بووە کە زیانەکانى زیاتر بووە لە شەش ملیار دینار.
رووداوەکەى تریش سوتانى دوو کۆگاى گەورەى دیکۆرات و کەلوپەلی کارەبایی و کەرەستەی بیناسازی بووە کە ئەمەیان بەپێى راپۆرتى کۆتایى لیژنەکە بە پێنج ملیۆن دۆلار (500) دەفتەر دۆلار خەملێنراوە، هەرچەندە بە وتەى کاروان میراودەلى، خاوەنى کۆگاکان زیانەکانیان بە 10 ملیۆن دۆلار خەمڵاندووە.
لەبارەى هۆکارى کەوتنەوەى ئاگرەکان، کاروان میراودەلى ئاشکراى کرد، 40%ـى هۆکارى ئاگرەکان شۆرتى کارەبایى بوون.
جگە لەوە، لە 27.3.2024، لەرێگای هەولێر بۆ کەرکوک ئاگر لە شەش کۆگایەکی کەلوپەلی پاککەرەوە کەوتەوە، کە بە وتەى خاوەنەکەى زیانەکانى یەک ملیۆن دۆلار بووە، بەڵام راپۆرتى کۆتایى ئەم ئاگرە تا ئێستا تەواو نەبووە و لە چوارچێوەى ئەو 208 ئاگرەى وەرزى یەکەم تۆمار نەکراوە.