چه‌ند رۆژێكی دیكه ده‌ستپێده‌كات
رێگاى 67 گونده‌كه‌ى بنارى قه‌ندیل چەوڕێژ ده‌كرێته‌وه
964+
فه‌رهاد حه‌سه‌ن
چه‌ند رۆژێكی دیكه تیمه‌كانى شاره‌وانیى بنارى قه‌ندیل ده‌ست به چه‌وڕێژكردنه‌وه‌ى رێگاى گونده‌كانى سنووره‌كه‌یان ده‌كه‌ن كه ژماره‌یان 67 گونده.
رێگاى گونده‌كانى بنارى قه‌ندیل به‌هۆى ئه‌وه‌ى قیڕتاو نین، له وه‌رزى زستاندا به‌هۆى باران و به‌فره‌وه تێكده‌چن و له‌و وه‌رزى به‌هارانیشدا چاكده‌كرێنه‌وه.
دڵشێر ئیبراهیم، هاوسه‌رۆكى شاره‌وانیى بنارى قه‌ندیل (كه له په‌كه‌كه‌وه نزیكن) به 964ـى وت، ئاماده‌كارییان كردووه كه چه‌ند رۆژێكی دیكه ده‌ست به چه‌وڕێژكردنى رێگاى ته‌واوى گونده‌كان ده‌كه‌ن.
وتیشی “ساڵانه ئه‌و چه‌وڕێژكردنه له وه‌رزى به‌هاراندا بۆ رێگاى گونده‌كان نوێده‌كه‌ینه‌وه”.
به‌هۆى سه‌ختى رێگاى هه‌ندێك له گونده‌كان دیار نییه له ماوه‌ى چه‌نددا ئه‌و كاره ته‌واو ده‌كه‌ن.
له باره‌ى پلانی ئه‌وه‌ى رێگاكانى ئه‌و گوندانه بكرێته قیڕتاو، دڵشێر وتیش “له‌تواناى ئێمه‌دا نییه و جارێ پلانیشمان بۆ ئه‌وه له‌به‌رده‌ستدا نییه”.