هاتوچۆی سلێمانی دەرهێنانی مۆڵەتی شۆفێریی کردە نۆرە
964+
پێشەوا محەمەد – سلێمانی
هاتوچۆی سلێمانی دەرهێنانی مۆڵەتی شۆفێریی کرد بە نۆرە. بەڕێوەبەرایەتییەکە دەڵێت: پێش سەردانیکردن دەبێت بە شێوەی ئەلیکترۆنی ناو تۆمار بکرێت.
بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆی سلێمانی لە رێگەی ماڵپەڕەکەیانەوە رایگەیاندووە؛ رۆژێک پێش سەردانیکردن، ئەو کەسەی دەیەوێت مۆڵەتی شۆفێری دەربهێنێت دەبێت ناوی خۆی لە ماڵپەڕەکە بنووسێت و کۆدێکی بۆ دێتەوە و رۆژی داهاتوو سەردانی بەڕێوەبەرایەتییەکە دەکات.
بە گوێرەی زانیارییەکانی بەڕێوەبەرایەتییەکە، رۆژانە 300 مامەڵە لە ماڵپەڕەکەدا وەردەگیرێت و هەر هاوڵاتییەکیش کۆدی بۆ نەهاتەوە دەتوانێت بۆ رۆژی دواتر هەوڵ بداتەوە.
ئاماژە بەوەش کراوە، هاوڵاتیان دەتوانن مانگێک بەر لە بەسەرچوونی مۆڵەتەکانیان داواکارییەکە پڕ بکەنەوە و تا 30 رۆژ دوای بەسەرچوونەکەش هیچ سزایەک نایگرێتەوە.
ماڵپەڕی هاتوچۆی سلێمانی ئەوەشی روون کردووەتەوە، لە کاتژمێر حەوتی ئێوارەوە کۆدەکان وەردەگیرێن و ئەوانەشی کۆدەکەیان بۆ دەگەڕێتەوە دەبێت بەر لە کاتژمێر 12ـی نیوەڕۆی رۆژی دواتر سەردانی بەڕێوەبەرایەتییەکە بکەن.
کارکردن بەو سیستمە لە رۆژی دووشەممە واتا 16ـی مانگەوە کاری پێ دەکرێت.