نەقیبەکەیان سوپاسی پارێزگار دەکات
لە دیوانیە 92 رۆژنامەنووس پارچە زەوییان پێ درا
964+
ئەحمەد مستەفا
لە دیوانیە 92 رۆژنامەنووس زەوییان پێ درا، نەقیبی رۆژنامەنووسانی عێراق سوپاسی پارێزگاری شارەکە دەکات و دەڵێت، هۆکار بووە بۆ ئەوەی رۆژنامەنووسەکان ببن بە خاوەنی نیشتمانێکی بچووک، لە ناو ئەم نیشتمانە گەورەدا.
سەندیکای رۆژنامەنووسانی عێراق، لە رێگەی 15 لقەوە داواکاری پێشکەشکردووە و بڕیاری ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق هەیە، کە بە مەرج رۆژنامەنووسانی پارێزگا جیاوازەکانی عێراق، بە رووبەری جیاواز پارچە زەوییان پێ بدرێت.
یەکشەممە 31.3.2024، لە دیوانیە پاش واژۆی پارێزگاری شارەکە عەباس زاملی، بە تیروپشک زەوی درا بە 92 رۆژنامەنووس
کە ئەندامی سەندیکای رۆژنامەنووسانی عێراقن، ماوەی دوو ساڵ زیاتر تێپەڕیوە بەسەر وادەی ئەندامێتیەکەیاندا، هەروەها مەرج بووە ئەو رۆژنامەنووسانە ژیانی هاوژینی-یان پێک هێنابێت.
لە بڵاوکراوەیەکی نووسینگەی موئەیەد لامی، نەقیبی سەندیکای رۆژنامەنووسانی عێراق، کە بۆ 964 نێردراوە، سوپاسی رۆڵی پارێزگاری شارەکە دەکات، کە وەک یەک بنەماڵە کاری لەگەڵ کردوون تا رێکارەکان تەواو بکرێن بۆ پێدانی پارچە زەوی بە رۆژنامەنووسەکان، ئەوەشی وتووە، 92 خێزانی رۆژنامەنووس ئێستا “خاوەنی نیشتمانێکی بچووکن لەم نیشتمانە گەورەدا”.
ئەوە لە کاتێکدا پێشتر، وەک پاڵپشتییەک بۆ نەخۆشی و هاوکاری کۆمەڵایەتی، ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق سێ ملیار دیناری بۆ سەندیکای رۆژنامەنووسانی عێراق دابینکرد، وتیشی، لە سەرتاسەری عێراق هەموو ئەو رۆژنامەنووسانەی شایستەن و ئەندامن مافی وەرگرتنیان دەبێت.
محەمەد فاتح، رێکخەری تیمی لیژنەی پاڵپشتی رۆژنامەنووسان- لقی هەرێمی کوردستان بە 964ی وت، بڕە تەرخانکراوەکە بە مەبەستی دابینکردنی خەرجییەکانی چارەسەرکردنی رۆژنامەنووسانی بەتەمەن و نەخۆش و پێشەنگ و پشتیوانیکردنی هاوکاری کۆمەڵایەتییە.