48 کاتژمێر بوو وەستابوو

بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی کۆیە: سبەینێ ئاو بۆ ماڵان بەردەدەینەوە

964+

پێشەوا محەمەد

دوای 48 کاتژمێر گرتنەوەی ئاوی ماڵان لە سەنتەری قەزای کۆیە و بەشێک لە گوندەکان، بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی کۆیە دەڵێت، سبەینێ دووشەممە 1.4.2024 ئاوەکە ئاسایی دەبێتەوە.

بەڕێوەبەرایەتییەکە لە راگەیەندراوێکدا کە ئەمڕۆ یەکشەممە بڵاویکردووەتەوە دەڵێت، گرتنەوەی ئاوی ماڵان بەهۆی تێکەڵبوونی نەوتی رەش لەگەڵ ئاوی زێی بچووک “دوکان” بووە، کە سەرچاوەی دابینکردنی ئاوە بۆ شاری کۆیە.

لەو ماوەیەدا هەردوو پڕۆژەی ئاوی بۆگد – کۆیە و تەقتەق – کۆیە گیرابووەوە.

راگەیەندراوەکەی ئاوی کۆیە ئاشکراشی کردووە، ئاوی زێی بچووک پاک بووەتەوە و دەست کراوە بە ناردنەوەی ئاو بۆ سەنتەری قەزای کۆیە بۆ مەبەستی گلدانەوەی ئاو لە حەوزە سەرەکییەکان و سبەینێ ئاو بۆ ماڵان بەردەدرێتەوە.

ئاماژە بەوەش دراوە، بەردانەوەی ئاو لەو گەڕەکانەوە دەستپێدەکاتەوە، کە رۆژی شەممە نۆبە ئاویان بووە و وەریان نەگرتووە.

شەوی 28.3.2024 لە گەڕەکی فەرمانبەرانی قەزای دوکان بەهۆی رووداوێکی هاتوچۆوە لە نێوان دوو بارهەڵگری گواستنەوەی سووتەمەنی، بەشێک لە ئاوی زێیی دوکان پیس بوو، ئەوەش بووە هۆکاری راگرتنی دابەشکردنی ئاو لە کۆیە و سلێمانی.

نەوتە رەشەکە دابەشکردنی ئاوی لە کۆیەش وەستاند

نەوتە رەشەکە دابەشکردنی ئاوی لە کۆیەش وەستاند