90 ملیۆن دیناری بۆ تەرخانکراوە

پرۆژەی ئاوی باڵەجۆ لە گەرمیان نۆژەن دەکرێتەوە

+964
میلاد جەلال – گەرمیان

پڕۆژەی ئاوی باڵەجۆ بەشێک لە دەرگاکانی تێکچووە، پێویستی بە نۆژەنکردنەوەیە، بەڕێوەبەری ئاودێریی گەرمیانیش دەڵێت، بەم نزیکانە دەست بە نۆژەنکردنەوەیان دەکەین.

پڕۆژەی ئاوی باڵەجۆ لە کەلارەوە تا خانەقین درێژییەکەی نزیکەی 39 کیلۆمەترە، لە 39 دەرگا پێکدێت و 24 لە دەرگاکانی شکاون و تێکچوونە.

موئەیەد ئەحمەد، بەڕێوەبەری ئاودێریی گەرمیان بە 964ى وت، “بەشێکی دەرگاکانی پرۆژەکە تێکچوونە، ھەندێک لە شوێنەکان ئاوی کەم بۆ دەچێت و پێویستیان بە نۆژەنکردنەوەیە، نۆژەنکردنەوەکە لە ئەستۆی حکومەتی عێراقە، کە چەند ساڵێک پێش ئێستا لە رێگەی شاندی حکومەتی ھەرێمەوە داوایان کردبوو”.

ئاماژەی بەوەش کرد، بڕیاری نۆژەنکردنەوەی پرۆژەکە دراوە، بڕی 90 ملیۆن دیناری بۆ تەرخانکراوە، لە مانگی داھاتوو دەست بە نۆژەنکردنەوەیان دەکرێت.

لە رێگەی پڕۆژەی باڵەجۆوە ئاوی سیروان دەگەیەندرێتە گوندەکانی نێوان کەلار بۆ خانەقین، 34 ھەزار دۆنم زەوی کشتوکاڵی بەراو دەکات، لەگەڵ ئەوەشدا بۆ ئاوی خواردنەوەی گوندەکان و کاری ئاژەڵداری سوودی لێوەردەگرن.

پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا