"پێویسته‌ بۆ شوێنه‌وار بگه‌ڕێندرێته‌وه‌"

شوێنه‌وارى هه‌رێم لەسەر‌ ئێسكه‌ زه‌به‌لاحه‌كه‌ى گه‌رمیان هاتە دەنگ

964+

فه‌رهاد حه‌سه‌ن

شوێنه‌وارى هه‌رێمی كوردستان ده‌ڵێت، پێویسته‌ ئه‌و ئێسكه‌ زه‌به‌لاحه‌‌ى كه‌ له‌ چه‌ند رۆژى رابردوو له‌ سنوورى گوندێكى گه‌رمیان دۆزرایه‌وه‌ و ئێستا له‌ زانكۆى سلێمانییه‌، بۆ شوێنه‌وارى ئه‌م سنووره‌ بگه‌ڕێندرێته‌وه‌.

رۆژى چوارشه‌ممه‌ى رابردوو 27.3.2024 به‌هۆى بارابارینى زۆر، ئێسقانى گیاندارێكى گه‌وره‌ و زه‌به‌لاح، لە گوندی مەنسوڕئەلكانى‌ باكووری ناحیه‌ی رزگاری، دۆزرایه‌وه‌.

ئێسكه‌كه، درێژییه‌كه‌ى 80 سانتیمه‌تر و پانییه‌كه‌شی 25 سانتیمه‌تره‌.

له‌لایه‌ن گرووپی كێودۆستان كه‌ كاریان دیكۆمێنتكارییه‌ له‌ سنوورى گه‌رمیان، به‌ پێویستیان زانیوه‌ راده‌ستى تیمى زانستى زانكۆى سلێمانى بكرێت بۆ لێكۆڵینه‌وه‌.

كه‌یفی مسته‌فا، به‌ڕێوه‌بەرى گشتى شوێنه‌وارى هه‌رێم له‌ وه‌زاره‌تى شاره‌وانى، به‌ 964ـى وت، ئاگادارى دۆزینه‌وه‌ى ئه‌م ئێسكه‌ن و به‌ڵام ده‌بوایه‌ هه‌ر له‌سه‌ره‌تاى دۆزینه‌وه‌ى شوێنه‌وارى گه‌رمیان ئاگادار بكرێته‌وه‌، چونكه‌ له‌ پسپۆڕى ئه‌وانه‌.

وتیشی “چاوه‌ڕێن ئه‌نجامى پشكنینى ئه‌م ئێسكه‌ له‌ زانكۆی سلێمانى ته‌واو بكرێت و پێویسته‌ بۆ شوێنه‌وارى گه‌رمیان بگه‌ڕێندرێته‌وه‌”.

ئاماژه‌ى به‌وه‌ش كرد، له‌لایه‌ن به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی شوێنه‌وارى گه‌رمیانه‌وه‌ رێكار گیراوه‌ته‌ به‌ر بۆ گه‌ڕاندنه‌وه‌ى ئه‌م ئێسكه‌ و بۆ ئه‌وه‌ش هیچ پرسێك به‌وان نه‌كراوه‌ له‌ هه‌ڵگرتنه‌وه‌ى ئێسكه‌کەدا.

تا ئێستا كه‌س نازانێت ئه‌و ئێسكه‌ هی چ گیاندارێكى گه‌وره‌یه‌، هه‌ندێك ده‌ڵێن، دایناسوور و هه‌ندێكیش ده‌ڵێن هی فیله‌، به‌ڵام تا ئه‌نجامى پشكنینه‌كه‌ ده‌رنه‌چێت، جۆرى ئاژه‌ڵه‌كه‌ پشتڕاست ناكرێته‌وه‌.

ئێسقانى گیاندارێكی زه‌به‌لاح له‌ گه‌رمیان دۆزرایه‌...

ئێسقانى گیاندارێكی زه‌به‌لاح له‌ گه‌رمیان دۆزرایه‌وه‌