964+
شێخان
لە شەڕى نێوان دوو بنەماڵە کەسێک کوژرا
964+
زەید کۆچەر-دهۆک
درەنگانێکى ئەمشەو، لە سنوورى قەزاى شیخان شەڕ لە نێوان دوو بنەماڵە روویدا و بەهۆیەوە کەسێک کوژرا و دوو کەسى دیکەش بریندار بوون.
964 لە رێى سەرچاوەکانییەوە زانیویەتى، پێشتر کێشەى کۆمەڵایەتى لە نێوان ئەو دوو بنەماڵەیەدا هەبووە.
سەرچاوەیەکی ئاگادار لە رووداوەکە بۆ 964 قسەى کردووە و دەڵێت: شەڕەکە لە نێوان بنەماڵەیەکى گوندی ئەلمەمان و بنەماڵەیەکى ناحیەی باعەدرێ دروستبووەو، بەهۆیەوە کەسێک کوژراوە و براو کوڕى کوژراوەکەش بریندارن”.
وەک ئەو سەرچاوەیە باسى دەکات، کێشەى نێوان ئەم دوو بنەماڵەیە نوێ نیە و پێشتریش شەڕ لە نێوانیان روویداوە و خوێنى تێکەوتووە.
بە وتەى ئەو سەرچاوەیە، چەند ساڵێک لەمەوپێش لە نێو بازاڕى دهۆک شەڕ لە نێوان چەند کەسێکى ئەو دوو بنەماڵەیە روویداوە و کەسێک کوژراوە، ئەوانیش لە تۆڵەى ئەوە ئەمشە و دوو کەسیان لە بنەماڵەى بەرامبەر کوشتووە.
پەیامنێرى 964، پەیوەندى بە پۆلیسى قەزاى شێخانەوە کرد، بەڵام ئامادە نەبوون هیچ زانیارییەک لەسەر رووداوەکە ئاشکرا بکەن، پۆلیسى دهۆکیش وەڵامى پەیوەندییەکەیان نەدایەوە.
سەرەتا سەرچاوەکەى 964 ووتى دوو کەس لە رووداوەکەدا کوژراون، بەڵام بۆ پشتڕاستکردنەوە چەند جارێک پەیامنێرى 964 پەیوەندى بەو کەسەوە کرد و دواتر سەرچاوەکە و کەسێکى بنەماڵە کوژراوەکەش پشتڕاستیان کردەوە کە کەسێک کوژراوە و دوو کەسى دیکەش بریندار بوون.
پێداچوونەوە: وریا فەتاح