دیمەنی قەزای دەربەندیخان_ وێنە:964
لێپرسینەوە لە خێزانەکانیان دەکرێت
کارکردنی منداڵان لە ترافیکلایتەکانی دەربەندیخان قەدەغەدەکرا
964+
میلاد جەلال – گەرمیان
بەھۆی کۆبوونەوەی ژمارەیەک منداڵ بەمەبەستی کارکردن، لە ترافیکلایتی نزیک گەڕەکی کانی سارد لە قەزای دەربەندیخان، قایمقامیەتی قەزاکە بڕیاری قەدەغەکردنی کاری منداڵانی داوە لە ترافیکەکان.
سلێمان محەمەد، قایمقامی قەزای دەربەندیخان بە 964ـی وت، تەنیا لەماوەی ئەمساڵدا دوو لەو منداڵانەی لەو ترافیک لایتە کاردەکەن، ئۆتۆمبێل لێیداون و تووشی شکاوی بوون و ئیستا لەماڵەوە کەوتوون، بۆ پاراستنی ئەو منداڵانە بڕیاریانداوە کارکردن لە ترافیکلایتەکان قەدەغەبکەن.
ئەو منداڵانەی لەو ترافیکلایتە کاردەکەن ژمارەیان نزیکەی 12 منداڵە، لە نەتەوەی عەرەبن، خێزانەکانیان ئاوارەن و لە قەزای دەربەندیخان دادەنیشن، منداڵەکانیان دەنێرنە سەر شەقامەکان بۆ کارکردن، جگە لەوەش فێری سواڵکردن بووبوون، ئەمەش ناوبانگی دەربەندیخانی ناشرین کردبوو، سلێمان محەمەد وای وت.
قایمقامەکەی دەربەندیخان ئاماژەی بەوەشکرد، خێزانەکانیانمان بانگ کردووە و واژومان پێکردوون کە نابێت منداڵەکانیان بنێرنەوە سەر شەقام و ترافیک لایتەکان بۆ کارکردن و لێپرسینەوەیان لەگەڵ دەکرێت.