رودیگەر
“یەکتاپەرستم نەک داعش”
964+
وریا فەتاح
ئەنتۆنیۆ رودیگەری بەرگریکاری یانەی ریال مەدرید، وەڵامى ئەو رەخنانە دەداتەوە کە لەسەر بەرزکردنەوەى پەنجەى شایەتومان لێى گیرا و دەڵێت، ئەوە ئاماژەى یەکتاپەرستییە نەک توندڕەوى.
لە یەکەم رۆژى مانگى رەمەزاندا، رۆدیگەر لە هەژمارى خۆى لە تۆڕى کۆمەڵایەتى ئینستاگرام، وێنەیەکى خۆى بڵاوکردەوە کە جلێکى سپى لەبەردایە و لەسەر بەرماڵێک نوێژ دەکات و پەنجەى شایەتومانى بەرز کردووەتەوە، لەسەر وێنەکەش نووسیویەتى “خوای گەورە رۆژوو و دوعاکانمان قبوڵ بکات”.
وێنەکەى رودیگەر چەندین لێکدانەوەى بۆکرا و هەندێک بە ئاماژەى توندڕەوى و پشتگیرکردنى داعش تۆمەتباریان کرد.
دواى ماوەیەک لە بەردەوامبوون لەسەر رەخنەکان، رودیگەر بێدەنگى شکاند و وتى،”ئەو ئاماژەیەى من بەکارم هێنا، نیشانەى یەکتاپەرستییە و لە ئیسلامدا هێماى یەکبوونە”.
جەختیش دەکاتەوە، وەک موسڵمانێکی دڵسۆز، پەیڕەوى ئایینەکەى دەکات و تۆمەتبارکردنى بە ئیسلامى سیاسى و بیرى توندڕەوى و تیرۆر رەتدەکاتەوە و دەڵێت: بەهیچ شێوەیەک قبوڵى ناکەم، چونکە من پشتگیرى ئاشتى و لێبوردەیى دەکەم”.