چاندنی گوڵەکان لە چواردەوری نافوورەکەی ناوبازاڕی رانییە - وێنە: پەیجی شارەوانیی رانییە لە فەیسبووک
گوڵی یەک وەرزن
ناو بازاڕ و باخچەکانی رانییە بە گوڵی وەرزی دەڕازێندرێنەوە
964+
پێشەوا محەمەد
شارەوانیی رانییە فوارەکانی ناوبازاڕ و باخچەکان بە گوڵی رەنگاورەنگ دەڕازێنێتەوە و هەڵمەتەکەش دەستیپێکردووە.
وەک یەکەم هەنگاوی هەڵمەتەکە نافوورەی ناوبازاڕی رانییە بە درێژایی 500 مەتر گوڵەکانی لێ دەچێندرێت.
بەرهەم رەسوڵ، بەڕێوەبەری شارەوانیی رانییە بە 964ـی راگەیاند، ئەو گوڵانەی دەچێندرێن یەک وەرزین و رەنگ و بۆن و دیمەنێکی جوان دەبەخشن.
وتیشی، “سەرەتا چاومان لەسەر ناوبازاڕە باخچەیەکی تێدایە لەگەڵ نافوورەکە تەواو دەکرێت و دواتر ناو باخچەکانی دیکەش بە هەمان شێوە گوڵیان لێ دەڕوێندرێت”.
ناوشاری رانییە 45 باخچەی تێدایە لەگەڵ دوو پارکدا.
سەرۆکی شارەوانیی رانییە ئاماژەی بەوەش دا، ساڵانی رابردوو لەو گوڵەیان روواندووە، بەڵام ئەمساڵ بە شێوەی چڕتر و فراوانتر کارەکە دەکەن.
سەبارەت بە دابینکردنی ئاو بۆ ئاودانیان، بەرهەم رەسوڵ وتی، “باخچەکان خۆیان ئاویان هەیە و نافوورەکەی ناوبازاڕیش خۆی ئاوی باشی هەیە و هیچ کێشەیەک لەو رووەوە دروستنابێت”.