ئیدارەی خۆجێی کۆبوەوە
لەنگەی هەولێر رێکدەخرێتەوە و لە باجیش بەخشران
964+
ئەحمەد مستەفا
سەرجەم ئەو دوکانانەى بازاڕى لەنگەی هەولێر کە بەهۆى ئاگرکەوتنەوە زیانیان بەرکەوتووە، لە 30% بۆ ساڵى 2023 و لە 100% بۆ ساڵی 2024، لە وەرگرتنى باج دەبەخشرێن.
ئەمڕۆ چوارشەممە 2024.4.27، پارێزگاری ههولێر، لەگەڵ بەڕێوەبەرى گشتیى باجەکان و قایمقامى ناوەندی هەولێر و سەرۆکى شارەوانیى هەولێر، كۆبوونهوهیهكی تایبهتی سهبارهت بەهاریکارى کاسبکار و دوکاندارانى زیانلێکەوتووى بازاڕى لەنگەى شارى هەولێر ئەنجامدا.
له كۆبوونهوهکەدا، جگە لە دووپاتی بڕیارى لێخۆشبوونى (یەک ساڵ) لە کرێى ساڵانە و (6 مانگ) لێخۆشبوون لە رسووماتى خۆڵ و خاشاکى ئەو دوکانانەى بازاڕەکە، کە گرێبەستیان لەگەڵ سەرۆکایەتى شارەوانى هەولێر هەیە و بەهۆى رووداوى ئاگرکەوتنەوەکەى ئێوارەی رۆژی 2024.2.27 زیانیان بەرکەوتووە.
جەخت لەوەکراوەتەوە، لە دواى جەژنى رەمەزان، لەلایەن سەرۆکایەتى شارەوانیى هەولێر دەستدەکرێت بە رێکخستنەوەى سەرتاسەرى بازاڕى لەنگە و هەڵگرتن و لادانى سەرجەم زێدەڕۆیی و سەرپێچیەکانى ناو بازاڕەکە، کە “جگە لەوەى سیمایەکى ناشارستانیان بە بازاڕەکە بەخشیووە، بوونەتە هەڕەشە و مەترسیش بۆ دووبارە بوونەوەى رووداوى دیکەى هاوشێوەى ئاگرکەوتنەوە”.
هەروەک، چەند رێکارێکى ترى هاریکاریکردن و دەستگیرۆیی کاسبکار و دوکاندار و زیانلێکەوتووانى بازاڕى لەنگە، لە کۆبوونەوەکەدا دراوە، بە تایبەتى لە پرسى وەرگرتنى باج لێیان، بۆ ئەوەش پاش وەرگرتنى راى بەڕێوەبەرى گشتیى باجی هەرێمی کوردستان بڕیاردراوە، بە لێخۆشبوونى لە 30% بۆ ساڵى 2023 و لە 100% بۆ ساڵی 2024، لە وەرگرتنى باج لە سەرجەم ئەو دوکانانەى بازاڕەکە، کە بە هۆى ئاگرکەوتنەوەکە زیانیان بەرکەوتووە و ژمارەیان (166) دوکانە.