"بایکۆتی مامۆستایان خۆڕسکانەیە"

لقی سلێمانیی یەکێتیی مامۆستایان: دوو موچەمان دەوێت

964+

پیشەوا محەمەد

لقی سلێمانی یەکێتیی مامۆستایان داوای دابەشکردنی دوو موچە دەکات بەر لە هاتنی جەژنی رەمەزان، ئەندامێکی لقەکە دەڵێت، مامۆستایان ئازادن هەر رێکارێک دەگرنەبەر.

بە پێی راگەیەندراوێکی لقەکە، کە ئەمڕۆ سێشەممە 26.3.2024 بڵاویکردووەتەوە، بارودۆخی مامۆستایان لەوپەڕی خراپیدایە و پارەی هاتوچۆیان پێنەماوە.

عەبدولخالق ماوەتی، ئەندامی لقی سلێمانیی یەکێتیی مامۆستایان بە 964ـی راگەیاند، لە ماوەی شەش مانگدا یەک موچە دابەش کراوە، ئەوەش وای لە مامۆستایان کردووە پارەی هاتوچۆیان پێنەبێت و زۆرینەشیان مانگانە قیستیان لەسەرە بیدەن.

وتیشی، “داوامان لە حکومەتی عێراق کردووە موچەی مانگی سێش بنێرێت و فشار لە حکومەتی هەرێم بکات پێش جەژنی رەمەزان دوو موچە دابەش بکات.

وتیشی، “دابەشکردنی دوو موچە مافی مامۆستایانە و پێویست بوو زیاتریش دابەش بکرێت، چونکە ئەگەر مامۆستا یان فەرمانبەر لە شەش مانگدا یەک موچە وەربگرێت کەواتا گوزەرانیان لەوپەڕی خراپیدایە”.

ماوەی چەند رۆژێکە قوتابخانەکانی سنووری سلێمانی بە شێوەیەکی چر دەستیان بە بایکۆت کردووەتەوە، لەوبارەیەوە عەبدولخالق ماوەتی وتی، “مامۆستایان خۆڕسکانە بایکۆتیان کردووە و هەر رێکارێکیش بگرنەبەر ئازادن”.

جارێکی تر دەرگای بەشێکی قوتابخانەکانی سلێمانی داخرایە...

جارێکی تر دەرگای بەشێکی قوتابخانەکانی سلێمانی داخرایەوە