ساغکردنەوەی 964

لەناو ئاسایش مامۆستاکان هوتافیان وتووە

964+

ئەحمەد محەمەد – سلێمانی

یەکێک لەو مامۆستایانەی لەلایەن ئاسایشەوە رۆژی دووشەممە 25.3.2024، لە سلێمانی دەستگیرکرا چیرۆکی تورەکە خستنە سەری بۆ 964 دەگێڕێتەوە و دەشڵێت 40 مامۆستا بوون، بەرپرسێکی باڵاش لە دەزگای ئاسایش دەڵێت، ئەو مامۆستایانە لەلای ئەوان نەماون.

لەگەڵ مامۆستایانی ناڕازی ژمارەیەک فەرمانبەریش هەبوون، کە پێش نیوەڕۆی دووشەممە 25.3.2024، بۆ داواکردن لە دەربڕینی پشتگیریی بەرپرسانی خۆجێی لە سلێمانی، لە بڕیاری دادگای فیدڕاڵی عێراق و دابەشکردنی مووچەکانیان لە رێگەی بانکی رافیدەین و رەشیدەوە، لە بری هەژماری من، ئاڕاستەی نارەزایەتییان بردە نزیک ناوچەی دەباشان.

دواتر هێزی ئاسایش، لەسەر شەقامی 60 مەتری و نزیک پارکی مەلیک مەحمود، ژمارەیەک مامۆستای دەستگیرکرد، ئەو رێکارە گێڕانەوەی جیاوازی لەسەربوو تا 964 ساغیکردەوە، مامۆستا عادل حەسەن، یەکێک بوو لە دەستگیرکراوەکان ئەو بە 964ی وت، لە كاتژمێر9:00ی سەرلەبەیانییەوە چاودێریم دەكرا لە ماڵەكەی خۆم، كاتژمێر 9:30 لە دەرگامان درا و نەمان كردەوە، دواتر یەكێك لە هاوڕێكانم هات بەشوێنما تا بەیەكەوە بڕۆین بەرەو نارەزایەتییەکە، بەڵام لە كاتژمێر 10:30 خولەک لە بەردەمی ماڵەوەم لەلایەن هێزێكی ئاسایشەوە دەستگیركراین”.

“كە بردیانینە ئاسایش بینیمان پێش ئێمەش مامۆستا نەجمەدین، مامۆستا عەبدولخالق و مامۆستا سادق دەستگیركراوون، دواتر تا گەیشتە كاتژمێر 1:30 پەیتا پەیتا ژمارەی مامۆستایانی دەستگیركراو زیادی دەكرد، تا گەیشتینە 40 مامۆستای ناڕازیی”، مامۆستا عادل حەسەن وای وت، ئەگەرچی ئەو بەرپرسەی ئاسایش لە ساغکردنەوەکەی 964 دەڵێت، ئەوەندە نەبوون.

مامۆستا عادل باس لەوەدەکات تورەکە خراوەتە سەریان، بەمجۆرە گێڕایەوە، “كە ژمارەمان زیادیكرد و لەناو باخچەی ئاسایش بووین، لەو كاتەدا مامۆستا نەجمەدین پێشنیاری كرد وتی، زۆرین بۆ خۆپیشاندانەكە لێرە نەكەین، هاوارمان كرد (هێی هێی دەسەڵات، كوانێ داهاتی وڵات )” بە قسەی ئەو بێت، “كە گوێبیستی ئەوەبوون، کارمەندانی ئەو هێزە ئەمنییە تورەکەیان كردووەتە سەر ئەو و کەسێک بەناوی مامۆستا نەجمەدین و پێیان وتوون، بۆتان نیە قسەبكەن، تا بە داواکاری مامۆستاکانی دیکە تورەکەكەیان لابردووە لەسەریان”.

سەرچاوەیەکی باڵا لە دەزگای ئاسایش لە سلێمانی کە ویستی ناوی ئاشکرانەکرێت و بەڵگەنامەی زانیارییەکانی لای 964 پارێزراوە، رەتیکردەوە ئەو مامۆستایانە وەک دەستگیرکردن، دەستگیرکرابن و خرابێتنە زیندان بەڵکو ئەوەی بە 964 وت، ئەو ژمارەیەشی دەوترێت کە 40 مامۆستا دەستگیرکراون ئەوەندە نەبوون.

ئەو سەرچاوەیەی دەزگای ئاسایش وتیشی، شەوی دووشەممە سەرجەمیان لە ئاسایش نەماون، ئەوە لە کاتێکدا بە قسەی مامۆستا عادل حەسەن بێت، “لە کاتژمێر 2:30 خولەکی پاش نیوەڕۆوە، قۆناغ بە قۆناغ مامۆستاکان لە ئاسایش ئازادکراون کە دواین کەسییان، کەسێک بووە بەناوی، مامۆستا شنە خەیات و ئەویش لە کاتژمێر، 7:00ی شەو ئازاد كراوە”.

پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا

رێگری له‌ خۆپێشاندانه‌كانی ئه‌مڕۆی مامۆستایانی ناڕا...

رێگری له‌ خۆپێشاندانه‌كانی ئه‌مڕۆی مامۆستایانی ناڕازی ده‌كرێت

بەشێک لە قوتابخانەکانی سلێمانی دەستیان بە بایکۆت کردو...

بەشێک لە قوتابخانەکانی سلێمانی دەستیان بە بایکۆت کردووەتەوە

سەرجەم مامۆستایانی ناڕازیی ئازاد كران

سەرجەم مامۆستایانی ناڕازیی ئازاد كران