هەر رۆژ 200 هاوسەر لە عێراق جیا بوونەتەوە

+964

كوردستان ئەحمەد

خراپی دۆخی ئابووری و بێکاری وایکردووە پارساڵ لە عێراق 71 هەزار حاڵەتی جیابوونەوە لە دادگاکان تۆمار بکرێن، هەروەها سەرووی 240 هەزار هاوسەرگیریش تۆمار کراوە.

بەپێی ئاماری دادگای باڵای عێراق لە ساڵی 2022ـدا 71 هەزار حاڵەتی لێکجیابوونەوە تۆمار كراوە كە بۆ هەر رۆژێک نزیکە لە ە 200 حاڵەتی جیابوونەوە.

ئەو ئامارە +964 نەیدیوە، بەڵام عولیا حسنی بەڕێوەبەری راگەیاندنی سەندیکای پارێزەرانی عێراق قسەی بۆ سکای نیوزی عەرەبی کردووە، دەڵێ: 71 هەزار حاڵەتی جیابوونەوە لە 2022 لە عێراق بووە.

+964 سۆراغی ئەو ئامارەی کرد، چووە سەر ماڵپەڕی ئەنجومەنی باڵای دادوەری عێراق، لە بەشی ئامارەکان تەنیا ئاماری 10 مانگی ساڵی 2022 هەیە.

ئەنجومەنەکە، ئاماری مانگی نیسان و مانگی کانونی یەکەمی 2022ـی لەسەر ماڵپەرەکەی دانەناوە.

بەپێی ئاماری مانگەکان بێت کە +964 کۆیکردۆتەوە، لە 10 مانگی پارساڵ، 239 هەزار و 906 هاوسەرگیری لەناو دادگاکان و دەرەوەی دادگاکان تۆمار کراون، هاوکات 61 هەزارو 276 هەزار حاڵەتی جیابوونەوەو تەڵاقیش تۆمار کراوە.

عولیا حسنی، بەڕێوەبەری راگەیاندنی سەندیکای پارێزەرانی عێراق بە سکای نیوزی وتووە “ئەم نیشاندەرە بۆ کۆمەڵگەی عێراق زۆر مەترسیدار و ترسناکە، هۆکارە سەرەکییەکانی زیاد بوونی حاڵەتەکانی جیابوونەوە بریتین لە خراپی باری ئابووری، زۆربوونی بێکاری، ناپاکی هاوسەران، توندوتیژی خێزانی، خراپی باری دەروونی کە دەرەنجامی ئەو جەنگە بەردەوامەیە لە عێراقدا دەگوزەرێت”.

هەر بەپێی ئامارەکان لە ساڵی 2021ـدا، 73 هەزار حاڵەتی جیابوونەوە لە عێراقدا تۆمار کراوەو كە رۆژانە دەكاتە 203 حالەتی جیابوونەوە.