ئەو بامێیەی کە دەستیبەسەردا گیراوە. فۆتۆ: کشتوکاڵی هەڵەبجە
لە ئێرانەوە هاتووە
یەک تۆن و نیو بامیەی خراپبوو دەستیبەسەردا گیرا
964+
ژووری هەواڵ
لە مەرزی تەوێڵە – شوشمێ دەستگیرا بەسەر یەک تۆن و نیو بامیە، کە شیاو نەبووە بۆ خواردن و لە دیوی ئێرانەوە هێنراوەتە دەروازەکە بە مەبەستی ساغکردنەوە بەسەر هاوڵاتیاندا.
ئەمڕۆ دووشەممە 25.3.2024، کەیوان مەنوجەر فەتاح، لێپرسراوی کەرەنتینەی مەرزی شوشمێ بە 964ـی راگەیاند، خاوەنی بامیەکە لە ئێرانە و بڕیار دراوە بارەکەی بگەڕێنێتەوە بۆ وڵاتی سەرچاوە کە ئێرانە.
“بە گوێرەی یاسا ماوەی هەفتەیەک دانراوە بۆ گەڕاندنەوەی بامیەکە، ئەگەر نەگەڕێندرێتەوە دەستیبەسەردا دەگیرێت”، لێپرسراوی کەرەنتینەی مەرزی شوشمێ وای وت.
لەبارەی هۆکاری دەستبەسەرداگرتنەکەی، کەیوان مەنوجەر فەتاح وتی، کۆنە و کوالیتییەکەی بە کەڵکی بەکارهێنان نایەت، بەوهۆیەوە شیاویش نییە بۆخواردن.
مەرزی تەوێڵە – شوشمێ دەکەوێتە سنووری پارێزگای هەڵەبجە و یەکێکە لە مەرزە لاوەکییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و شاری پاوە لە رۆژهەڵاتی کوردستان.