دەستكاری ماوەی بەسەرچوونی کاڵاکانی كردووە

لیژنە هاوبەشەکانی قایمقامیەتی سلێمانی فرۆشگایەكیان داخست

964+

ئەحمەد محەمەد – سلێمانی

پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ یەكشەممە 24.3.2024 لیژنە هاوبەشەکانی قایمقامیەتی سلێمانی دەستیانگرت بەسەر فرۆشگایەك لە گەڕەکی کوردسات كە ساختەكاری لەماوەی بەكارهێنانی كاڵاكانیدا كردووە.

فرۆشگاكە هەموو جۆرە بابەتێكی وشكە لە برنج و پاقلەمەنیەكان و مەوادی پاككەرەوەو زۆربەی پێداویستیە سەرەكییەكانی رۆژانەی هاوڵاتیانی تێدا بووە.

ئازاد نەبی، نوێنەری تەندروستی سلێمانی، بە 964ی وت، “ئێمە وەكو لیژنەی باڵا سەردانی شوێنەكەمان كردووە، لیژنەیەكی قایمقامیەتی سلێمانی دەستیگرتووە بەسەر شوێنێكەدا، پێشوتر زانیاریان وەرگرتوە لە بەشی ئابوری ئاسایشی گشتی سلێمانی كە شوێنێكە كۆمەڵێك مەوادی خراپبوی هەیە”.

ئەو نوێنەری تەندروستییە باسی لەوەشكرد، “شوێنەكەی زۆر قەرەباڵغە و زۆریش ناتەندروستە، مەوادی خۆراكی و مەوادی پاككەرەوەی بەسەرچووی تێدایە، مەوادی تێدابووە لە فرۆشگاكەی رێکەوتی بەسەرچووی بەسەرەوە نییە، بەڵام هەمان مەواد لە كۆگاكەی بینراوەتەوە كە بەسەرچووە”.

وتیشی، دەبەی بەتاڵی تێدابووە كە رێکەوتی 2025 بەسەرەوە بووە و گومان دەكەین مەوادە بەسەرچوەكانی تێكردبێت.

ئەوەشی خستەڕوو ، شوێنەكە خانوی خاوەن فرۆشگاكەیە و نهۆمی ژێرەوەی كردووە بە دووبەشەوە بەشێكی فرۆشگا بوەو بەشەكەی دیكەش وەكو كۆگا بەكاریهێناوەو مەوادە بەسەرچوەكانی لەناو ئەو كۆگایەدا گیراوە.

“مەوادی تێدایە لە 2021 وە بەسەرچووە، كە راپۆرتەكەی هاتە بەردەستمان، وەكو لیژنەی باڵا بەپێی جۆری سەرپێچییەكەی سزای یاسایی دەدەین” ئازاد نەبی ئەمەی بە 964 وت.

لەسەر زەوی سماقی هەڵڕشتبوو قایمقامیەت شوێنەکەی داخست

لەسەر زەوی سماقی هەڵڕشتبوو قایمقامیەت شوێنەکەی داخست