دەروازەی ناحیەی خانکێ لە پارێزگای دهۆک _ وێنە: بۆ 964 نێردراوە
"کەشوهەوا ناسەقامگیرە"
بوو بە چوار رۆژ گەنجە ونبووەکەی خانکێ نەدۆزراوەتەوە
964+
هیڤی دێوالی – دهۆک
چوار رۆژە گەنجە ونبووەکەی ناحیەی خانکێ نەدۆزراوەتەوە، بەهۆی نا سەقامگیری کەشوهەوا تیمەکان نەیانتوانیوە وەک پێویست بەدوای ئەو گەنجە ونبووەدا بگەڕێن.
بەپێی سۆراغی 964، لە 19 ئەم مانگەوە، رۆژڤان ئدریس- ـى تەمەن 15ساڵ، لە ناحیەی خانکێی پارێزگای دهۆک لە ماڵەکەی خۆیان دەرچووە و نەگەڕاوەتەوە و تائێستا بێ سۆراغە.
یەکێک لە کەسوکاری گەنجە ونبووەکە، ویستی ناوی ئاشکرانەکرێت بە 964ی وت، “رۆژڤان” ئەو رۆژە لە ماڵەوە خواردنی خواردووە و دوای چووەتە دەرەوە، نەخۆشیی دەروونی نیە و هیچ کێشەیەکی لەگەڵ کەسدا نیە، بەڵام تا ئێستا نازانین لە کوێیە و چی بەسەر هاتووە.
زەردەشت شێخ مامۆ، بەڕێوەبەری ناحیەی خانکێ بە 964ـى وت، بەهۆی نا سەقامگیری کەشوهەوا، سێ رۆژە چەند تیمێک لەگەڵ پۆلیس و 200 گەنجی خۆبەخشی خانکێ سەرقاڵی گەڕانن لە دەوروبەری ناحیەکە و بەنداوی خانکێ، بەڵام بەشێوەیەکی پێویست نا چونکە باران بارین بەردەوامە.
ئاماژەبەوەشکرد، بەیانی یەکشەممە ئەگەر کەش و هەوا سەقامگیر بوو جارێکی تر تیمەکانمان بە دوای ئەو گەنجە ونبووەدا دەگەڕێن تا سۆراغێک بەدەستدەهێنن.
پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا