شەش ساڵە ئەم کارە دەکات
لەسەر ئەرکی خۆی کەو دەکڕێت و لە گوندەکەی ئازادیان دەکات
964+
کامیار کەمال – پێنجوێن
گەنجێکی دانیشتووی گوندی وریاوا لە قەزای پێنجوێن لە ماوەی دوو رۆژدا سێ کەوی ئازاد کرد.
ماوەی شەش ساڵە ئەو کارە دەکات، ئەوەش دوای ئەوە لە خوێندنی زانکۆ دەگەرێتەوە بۆ گوندەکەی و دەبینێت ژمارەی کەوەکان کەمیکردووە.
سەروان عەلی ئەو گەنجەی کەوەکانی گێڕایەوە بۆ سروشت بە 964ی راگەیاند، ئەو کەوانە خۆی راوی نەکردوون بەڵکو کڕیویەتی و دوای ئەوەی بەدەستی گەیشتووە یەکسەر لە ناو سروشت ئازادی کردوون.
ئەوەشی خستەروو، دوێنێ یەک کەو و ئەمڕۆش دوو کەوی ئازاد کردووە و لە ماوەی ئەمساڵیشدا چوار کەوی ئازادکردووە و لە ساڵی 2019شەوە بەردەوامە لەو کارەی.
سەروان باسی لەوەشکرد، ئەو ناوچانەی کەوەکانیان لێ ئازاد ئەکات پێشتر کەوی زۆری لێبووە بەڵام لە ئێستادا کەمی کردووە و ئەویش دەیەوێت لە هەمان ئەو ناوچانە ژمارەی کەوەکان زیاد بکات.
پەیامێکی لەبارەی ژینگەوە لە رێگای 964ەوە بە هاوڵاتیان گەیاند و دەڵێت “ئەگەر ناتوانیت ژینگە بپارێزیت لانیکەم تێکیمەدە، چونکە ژینگە موڵکی هەموانە”.
پێداچوونەوە؛ فەرهاد حەسەن