کێڵگەیەکی نەوت، وێنە سۆشیال میدیا
“یاسای نەوت و غاز” گرێکوێرەی نێوان هەرێم و بەغدا
+964
فەهمی نەبی -هەولێر
لە سەردانی شاندی هەرێمی کوردستان بۆ بەغدا و کۆبوونەوەی تیمی تەکنیکیی نێوانیان “رێکەوتنی ئەوە کراوە پڕۆژە یاسای نەوت و غازی فیدراڵی بەبێ رەزامەندی هەرێـم و بەغدا تێناپەڕێ”، ئەمە گوتەی جووتیار عادل، وتەبێژی حکومەتی هەرێـمی کوردستان بووە بۆ ماڵپەڕی حکومەت.
ماوەی 15 ساڵە دۆسیەی نەوت و غاز بووهتە گرێکوێرەی نێوان هەرێم و بەغدا.
لە دانیشتنی رۆژی چوارشەممەی رابردووی نێوان مەسرور بارزانی و محەمەد شیاع سودانی، یەکێک لە بڕگەکانی دانیشتنی نێوانیان تایبەت بووە بە پڕۆژە یاسای نەوت و غازی فیدڕاڵی، وەک لە راگەیەندراوی حکومەتی هەرێـم هاتووە.
بەپێی ئەو کارنامەیەی لە سەروەختی پێکهێنانی کابینەکەی سودانی هاتووە “لە ماوەی شەش مانگی یەکەمی دەستبەکاربوونی حکومەتدا، پێویستە یاسای نەوت و غاز لە پەرلەمان دەنگی لەسەر بدرێت، بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا”.
بەپێی رەشنووسی یاسای نەوت و غاز، ناردنە دەرەوە و فرۆشتنی نەوتی هەرێم لە ئەستۆی حکومەتی فیدڕاڵی دەبێت و نوێنەری هەرێم و نوێنەری ئەو پارێزگایانەی نەوتی لێ بەرهەمدەهێنرێت، لە کۆمپانیای سۆمۆ دەبن.
هەر بە پێی پڕۆژە یاساکە، هەردوو کۆمپانیای پێشنیارکراوی نەوت و غازی کوردستان، دەبنە جێگرەوەی کۆمپانیا بیانییەکان، بە جۆرێک گرێبەستە نەوتییەکانی هەرێم لە “گرێبەستی هاوبەشی لە بەرهەم” بگۆڕێت بۆ “گرێبەستی خزمەتگوزاری”.
لە 27ی تشرینی یەکەمی 2022، دەنگ لەسەر کابینەکەی محەمەد شیاع سودانی درا، لە کارنامەی کابینەکەیدا شەش مانگ دیاریی کراوە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەرێـم و بەغدا، بەڵام ئێستا زیاتر لە دوو مانگ بەسەر ئەو ماوەیەدا تێپەڕیوە.
بە دیاریکراوی هەفتەیەک بەر لەوەی شاندی هەرێم بۆ بهغدا بەڕێبکەون، هەواڵی ئەوە بڵاوکرایەوە لایەنە شیعییەکان لیژنەیەکیان پێکهێناوە بۆ گۆڕانکاری لە پڕۆژە یاسای نەوت و غازی فیدڕاڵی، بەڵام وەک لە راگەیەندراوەکەی مەسرور بارزانیی سهرۆكی حكومهتی ههرێمی كوردستان هاتبوو، “تیمی تەکنیکیی هەرێم گفتوگۆی ئەوەیان کردووە ئەو لیژنەیەی لایەنه شیعییەکان بۆ گۆڕانکاری لە یاسای نەوت و غاز پێکیانهێناوە، دەبێت کوردیش تێیدا بەشداربێت”.
لە ساڵانی 2008 و 2011 دوو پڕۆژە یاسای نەوت و غاز لە عێراق ئامادەکران، بەڵام هەرێم و بەغدا لەسەری ناکۆک بوون.
بەھرۆز جەعفەر، سەرۆکی پەیمانگهی مێدیتێریانا بۆ توێژینەوەی هەرێمایەتی، بۆ +964 قسەی کردووە، دەڵێت “ئیدارەی ئەمریکا لە ساڵی 2022، بە بەهای 250 ملیۆن دۆلار پەرەی بە کێڵگەی غازی کۆرمۆر داوە، ئێران ئاستەنگ بۆ ئەو پڕۆژە یاسایە دروست دەکات، بەڵام ئەگەر پڕۆژە یاسای نەوت و غاز یەکلایی بێتەوە، بیانووی ھیچ لایەک نامێنێ بۆ ئەوەی چیتر بودجەی ھەرێم ببڕدرێ”.
بەهرۆز ئەوەشی وت “ئەو کاتە ھەرێم دەحەسێتەوە، کە لە یاسای نەوت و غازی عێراقی دان بەوەدابنێ ھەرێم مافی ئەوەی ھەیە کۆمپانیای خۆماڵی خۆی ھەبێت”.
ئێستا کۆمەڵێک بەربەست لە بەردەم ئەو پڕۆژە یاسایە هەیە، ئەمە بۆچوونی بەشێک لە چاودێرانی بواری وزە و ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقە.
سۆران عومەر، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە پشکی کۆمەڵی ئیسلامی، بۆ میدیای فەرمی حزبەکەی قسەی کردوە و دەڵێت: “وەزارەتی نەوتی عێراق ههشت نووسراوی ئاراستەی کۆمپانیا بیانییە نەوتییەکانی ھەرێم کردووە و 10 سکاڵاشی لەسەر تۆمار کردوون، بۆیە بەبێ هەبوونی یاسای نەوت و غاز، هەرێم ناتوانێت گرەنتی هیچ شتێک لەگەڵ بەغدا بکات”.
هەرێمی کوردستان لە ساڵی 2007ـەوە، یاسای ژمارە 22 ی نەوت و غازی هەیە، بەڵام دادگای فیدڕالی عێراق، بە هەردوو بڕیاری ژمارە 59 و 110 لە رێکەوتی 15ی شوباتی 2022، ئەو یاسایەی هەڵوەشاندووهتەوە.