لە گەشتی هەواڵەکانەوە

  پرۆژەی ئاوی قەڵادزێ وەستا و زیانلێکەوتووانی لافاویش 117 شوقەیان وەرگرت

964+

ژووری هەواڵ

بارانەکەی چەند رۆژی رابردوو ئاوی زێێ بچوکی بەتەواوی لێڵ کردووە و بەو هۆیەوە پڕۆژەی ئاوی خواردنەوەی قەڵادزێ وەستا لە پاڵاوتنی ئاو.
مارف مەحمود بەڕێوەبەری پڕۆژەی ئاوی خواردنەوەی قەڵادزێ بە 964ـی وت، ئەمڕۆ رێژەی لێڵی ئاوی زێی بچوک 600 بوو تادێ بەرەو زیاتریش بەرزدەبێتەوە، بۆیە بڕیارماندا پڕۆژەکە بوەستێنین و ئاو دابەش نەکەین و پڕۆژەکە وەستاوە.
ئەوەشی وت، ئەگەر تا دوو رۆژی دیکە باران نەبارێت ئینجا لێڵ بوونی ئاوەکە دادەبەزێت و دەتوانن پڕۆژەکە کار پێبکەنەوە.

لە دهۆک 117 شوقە دابینکرا بۆ ئەو هاوڵاتییانەی کە بەهۆی لافاوەکەی دوو رۆژی رابردوو زیانیان بەرکەوت و ئەمڕۆ کلیلەکانیان بەسەردا دابەشکرا.
ئەمڕۆ پێنجشەممە قایمقامیەتی دهۆک دابینکردنی ئەو شوقانەی وەک قۆناغی یەکەم لە قەرەبووکردنەوەی زیانلێکەوتووانی لافاو رایگەیاند و وتی، بە چەند قۆناغێکی دیکە هاوڵاتیان قەرەبوو وەردەگرن.
بەگوێرەی دواین ئاماری بەڕێوەبەرایەتی بەرگری شارستانی پارێزگای دهۆک، 627 کەس لە هۆتێل و مۆتێلەکان نیشتەجێکراون و 160 خانووش زیانیان پێگەیشتووە.

خاوەنی دوکانێکی سەوزە و میوەی بەردەڕەش، دەڵێت وەک خێرێک بۆ مانگی رەمەزان و هاوکارییەک بۆ ئەوانەی قەرزی بردنی سەوزە و میوەیان لایە بڕیاریداوە لە هەموو قەرزەکانی خۆش بێت کە دەگاتە سێ ملیۆن دینار.
بارزان گەرزە خاوەنی دوکانەکە لەبەردەم مایکی 964 تەلەفون بۆ یەکێک لە خاوەن قەرزەکانی دەکات و لە بڕی 300 هەزار دیناری قەرزەکەی خۆش دەبێت.
دەشڵیت، قەرزەکان لە هەزار دینار تا 750 هەزار دیناری تێدایە و لە هەموویان خۆش دەبم.