كێ به‌رامبه‌ر عێراق ده‌وه‌ستێته‌وه‌؟

964+
ئه‌رسه‌لان عه‌بدوڵلا – هه‌ولێر

ئه‌مڕۆ هه‌ینی 13ـی كانوونی دووه‌م، یارییه‌كانی قۆناغی كۆمه‌ڵه‌كانی جامی كه‌نداوی 25 كۆتایی دێت، دوو هه‌ڵبژارده‌ی دیكه‌ ده‌گه‌نه‌ پێش كۆتایی.

ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ له‌ یه‌ك كاتدا و له‌ كاتژمێر 18:00، دوو یاری له‌ كۆمه‌ڵه‌ی دووه‌می جامی كه‌نداوی 25 له‌ به‌سڕه‌ دێنه‌ ئه‌نجامدان، تێیدا به‌حرێن به‌رامبه‌ر كوێت و قه‌ته‌ڕیش به‌رامبه‌ر ئیمارات یاریی ده‌كه‌ن.

له‌ كۆمه‌ڵه‌ی دووه‌مدا به‌حرێن له‌ پله‌ی یه‌كه‌مه‌ به‌ 6 خاڵ، قه‌ته‌ڕ و كوێت هه‌ریه‌كه‌ی 3 خاڵیان هه‌یه‌ و له‌ پله‌كانی دووه‌م و سێیه‌مدان، هه‌روه‌ها ئیمارات له‌ پله‌ی كۆتاییه‌ و هیچ خاڵی نییه‌.

چاوه‌ڕوان ده‌كرێت یارییه‌كانی ئه‌مڕۆی كۆمه‌ڵه‌ی دووه‌م به‌هێزبن، به‌ تایبه‌تی یاریی نێوان به‌حرێن و كوێت، كه‌ له‌ یاریگه‌ی جه‌زع ئه‌لنه‌خله‌ ده‌كرێت.

دوای ته‌واوبوونی یارییه‌كانی ئه‌مڕۆ، دوو تیپ له‌ كۆمه‌ڵه‌ی دووه‌م بۆ قۆناغی پێش كۆتایی سه‌رده‌كه‌ون.

له‌ قۆناغی پێشكۆتاییدا، هه‌ڵبژارده‌ی عێراق، كه‌ یه‌كه‌می كۆمه‌ڵه‌ی یه‌كه‌مه‌، به‌رامبه‌ر دووه‌می كۆمه‌ڵه‌ی دووه‌م یاریی ده‌كات، هه‌روه‌ها هه‌ڵبژارده‌ی عومان، كه‌ به‌ پله‌ی دووه‌می كۆمه‌ڵه‌ی یه‌كه‌م سه‌ركه‌وتووه‌، رووبه‌ڕووی تیپی یه‌كه‌می كۆمه‌ڵه‌ی دووه‌م ده‌بێته‌وه‌.

جامی كه‌نداوی 25، له‌وه‌ته‌ی شه‌شی ئه‌م مانگه‌وه‌ له‌ به‌سڕه‌ ده‌ستیپێكردووه‌ و بڕیاره‌ 19ی ئه‌م مانگه‌ یاریی كۆتایی بكرێت.