دکتۆرێکی زانکۆ: سێ ساڵ لەمەوبەر بە نەخشە دەرمخست دهۆک تووشی راماڵین دەبێت

964+

فەهمی نەبی

دوای ئەو لافاوە بەهێزەی ئەمڕۆ سێشەممە پارێزگای دهۆکی گرتەوە، دکتۆرێکی زانکۆ دەڵێت: بەپێی توێژینەوەیەک کە ساڵی 2021 ئەنجاممداوە ئەو ناوچانەی دهۆکم دیاریکردبوو کە دووچاری راماڵین و زیان دەبن.

د.رابەر مزوری پسپۆڕی جیۆلۆجی لە زانکۆی سەڵاحەدین بۆ 964 وتی، “دکتۆراکەم لەسەر رووداوە ژینگەییەکان بوو لە شاری دهۆک، دوای دکتۆرا توێژینەوەیەکەم بڵاوکردەوە لەبارەی راماڵین لە ناوەندی دهۆک و زاوێتە و مانگێش، بەپێی وێنەی مانگی دەستکرد و شیکردنەوەی داتاکانی توێژینەوەکەم گەیشتم بەو ئەنجامەی ئەگەر بارانێکی بەخوڕ لە دهۆک ببارێت هەندێک شوێن دووچاری راماڵین دەبن”.

ئەو دکتۆرەی زانکۆ چەند هۆکارێکی راماڵین دەستنیشان دەکات و دەڵێت: یەکێک لە هۆکارەکانی راماڵین دروستکردنی خانوو و دوکانە لە لێواری رووباری وشکەڕوو، بەپێی ستانداردی جیهانی نابێت دوکان و ماڵ 200 مەتر لە رووبارەکە نزیکتر بن، بەڵام باڵەخانە و خانوو و دوکانیان لە قەراغی رووبارەکە دروستکردووە.

ئەوەشی وت، “هۆکارێکی دیکە بەرتەنگی مەنهۆڵەکانن و بەرگەی ئەو هەموو بارانە بەخوڕە ناگرن، یەکێکی دیکە لە هۆکارەکان گۆڕانی تەواوی کەشوهەوایە، هۆشیاری ژینگەیی سفرە و پلاندان سفرە”.

سەبارەت بە گرنگیدان بە توێژینەوەکەی د.رابەر مزوری دەڵێت، تەنانەت یەک کەس لە ئیدارەی پارێزگای دهۆک تەلەفونێکیشیان نەکرد بۆ راوێژکردن.

تا ئێستا بەهۆی دروستبوونی لافاو لەشاری دهۆک، دوو کرێکار گیانیان لەدەستدا و زیاتر لە 50 ماڵ و 20 ئۆتۆمبێل زیانیان بەرکەوت.

بەهۆی لافاو لە دهۆک دوو کەس گیانیان لەدەستدا

بەهۆی لافاو لە دهۆک دوو کەس گیانیان لەدەستدا