بێ هیچ بڕیارێک

شۆفێرانی مەرزی سەیرانبەن و باشماخ لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی کۆبوونەوە

964+

کامیار کەمال – پێنجوێن

دوای دوو هەفتە لە گردبوونەوە و ناڕەزایی و دروستبوونی گرژی، ئەمڕۆ ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانیان کۆبونەوەی بە شۆفێرانی سەیرانبەن و باشماخ کرد.

سەرکەوت فەرەج ئەنجومەنی شۆفێرانی مەرزی سەیرانبەن بە 964ی وت، “دوو کاتژمێر لە کۆبونەوە بووین، بەڵام هیچ بڕیارێک نەدرا، چونکە لە کۆبونەوەکە پێشنیاز کرا 19 باری عەلوە بدرێتە شۆفێرانی مەرزی سەیرانبەن و 60 باری عەلوە بدرێتە مەرزی باشماخ، ئێمە بەو پێشنیازە رازی نەبووین”.

بەوتەی سەرکەوت فەرەج، لەکۆبونەوەکە پێیان وتراوە ئەو بابەتە دەدرێتە وەزارەتی گواستنەوە و ئەوان چارەسەری دەکەن.

زانا رەحمان قایمقامی قەزای پینجوێن بەشداربوویەکی کۆبوونەوەکە بوو بە964ی راگەیاند: ئێستا گردبوونەوەی شۆفێران لە پێنجوێن کۆتایی هاتووە و چادرەکانیان هەڵگرتووە و بۆ چارەسەربوونی کێشەکەش چاوەڕوانی راپۆرتی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن دەکەن.

964 پەیوەندی بە سدیق محەمەد بەڕێوەبەری گواستنەوە و گەیاندنی سلێمانی کرد، بەڵام ئەو وتی “ناتوانم لێدوان لەسەر ئەو بابەتە بدەم”.

15 رۆژ لەمەوبەر شۆفێرانی مەرزی سەیرانبەن دژی بڕیاری گواستنەوەی بارەکانیان لە عەلوە بۆ مەرزی باشماخ گردبوونەوە و تا ئێستاش چارەسەری ئەو کێشەیە نەکراوە و رۆژی 14.3 شۆفێرانی هەردوولا بۆ ماوەی 9 کاتژمێر رێگای پێنجوێنیان بە تەواوی داخست، شۆفێرانی مەرزی سەیرانبەن دەڵێن بەهۆی ئەو بڕیارە بێ کار دەبن.

پێداچوونەوە: فەهمی نەبی

لە دوێنێ شەوەوە شۆفێران مەرزى سەیرانبەنیان جێنەهێشتوو...

لە دوێنێ شەوەوە شۆفێران مەرزى سەیرانبەنیان جێنەهێشتووە