هاوشێوەى سەردەمى زوو

لە پشدەر جوتیاران بە گاجووت رەزەکانیان دەکێڵن

964+
محەمەد عەلی ـ پشدەر

وەرزی جووتکردن لە پشدەر دەستی پێکرد و لە هەندێک ناوچە هاوشێوەی سەردەمى جاران جوتیاران بە گاجووت رەزەکانیان دەکێڵن.

مەحمود محەمەد، جوتیارێکى خەڵکى گوندى بێگەڵاسە لە قەزاى پشدەر، لەبارەى جووتکردن بەو شێوە کۆنە قسەى بۆ 964 کردووە و دەڵێت: هەڵکەوتەى جوگرافى گوندى بێگەڵاس بەردەڵان و شاخاوییە، تراکتۆر ناتوانێت لەم شوێنانە رەزەکان بکێڵێت، بە پاچ و دەستیش قورسە بۆیە باشترینیان رێگە کۆنەکەیە، کێلانى رەزو باخەکانە بە گاجووت.

“زۆربەی خاوەن رەز و باخەکانى بێگەڵاس، ساڵانە بە ئاژەڵ رەزەکانیان دەکێڵن، ئەوەش بە هەرەوزى ئەنجامی دەدەن، یان جوتیارێک بە کرێ دەگرن و کارەکەیان بۆ دەکات”. جوتیارەکەی خەڵکى گوندى بێگەڵاس واى وت.

وتیشى،”هەموو گایەک یاخود رەشە وڵاخێک بۆ جووتکردن نابێت، رەشە وڵاخی وڵاتی خۆمان، گونجاوترینیانن بۆ جووتکردن، چونکە قەبارەیان بچوکە و بەهێزن”.

ئەو کەرەستانەى بۆ جووتکردن بەو رێگا کۆنە پێویستن ئەمانەن، رەشەوڵاخ، نیر، ئامور، کەڵاوە، دەستەمستە، پاش بارە، دەستکێش، شیرەپە، دەندە.

بەوتەى ئەو جوتیارە، کێڵان بە رێگەى رەشەوڵاخ سودێکى زۆر گەورە بە رەز و باخەکان دەگەیەنێت و لە وشکبوونەوە و گژوگیاى زیادە دەیانپارێزێت و رەزەکەش بەرهەمێکى جوانتری دەبێت.

بەرهەمى ترێى گوندی بێگەڵاس لەسەر ئاستى پشدەر بە پلەى یەکەم دێت، رەنگێکى رەش و تۆخ و گەش و تامێکى شیرینى هەیە، بەپێی ئاماری کشتوکاڵی پشدەر بێت رووبەری ئەو زەویانەی بەرەزو باخ چێنراون لە گوندی بێگەڵاس 500 دۆنم زەویە، بۆهەر دۆنمێک یەک تۆن و نیو بەرهەمی ترێی هەیە، بەرهەمی ساڵێکی نزیکی 700 تۆن دەبێت.

پێداچوونەوە: وریا فەتاح

جووتیاران دەستیان بە بڕینەوەی رەزەکانیان کرد

جووتیاران دەستیان بە بڕینەوەی رەزەکانیان کرد