فەیسبووک رێکلامی سنووردار کرد

+964

عادل کانەبی

کۆمپانیای مێتا، بۆ پاراستنی هەرزەکاران و منداڵان بەڕووی کۆمپانیاکانی رێکلام دەوەستێتەوەو سنووردارییان دەکات.

کۆمپانیای مێتا، کە خاوەنی هەردوو تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک و ئینستگرامە، رایگەیاند کە کار لەسەر سنووردارکردنی ئەو رێگایانە دەکەن کە رێکلامکەران لە رێگەی پلاتفۆڕمەکانییەوە هەرزەکاران دەکەنە ئامانجی خۆیان، دوای ئەوەی رەخنەی زۆر لەو بارەیە لە کۆمپانی مێتا گیرا.

کۆمپانیای مێتا، لە بەیاننامەیەکدا لە ماڵپەڕی فەرمی خۆیدا رایگەیاندووە، رێوشوێنی زیاتر دەسەپێنێت بۆ پاراستنی هەرزەکاران لە سەرانسەری پلاتفۆڕمەکانیدا، هەروەها ئەو بژاردانەی کە لەبەردەستی رێکلامکەراندان بۆ ئامانجکردنی ئەوان سنووردار دەکات.

هەروەها جەختی لەوە کردەوە کە  وەک بەشێک لە کارە بەردەوامەکانیدا بۆ ئەوەی پلاتفۆڕمەکنیان  ببن بە دۆست بۆ هەرزەکاران، گۆڕانکاری زیاتر لە ئەزموونی رێکلامەکانیاندا دەکەن، چونکە تێدەگەن لەوەی کە مەرج نییە هەرزەکاران وەک گەورەکان توانای پێویستیان هەبێت بۆ بڕیاردان لەسەر چۆنیەتی بەکارهێنانی داتا ئۆنلاینەکانیان کە بۆ رێکلام بەکار دەهێندرێت.

لە بەیاننامەکەدا جەخت لەوە کراوەتەوە کە ئەم هەموارکردنانە لەسەر بنەمای لێکۆڵینەوەی زانستی و سەرنجی راستەوخۆی دایکان و باوکان و پسپۆڕانی گەشەپێدانی منداڵ و بنەماکانی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ مافەکانی منداڵان و رێسا نێودەوڵەتییەکان بووە.

گۆڕانکارییەکان بریتین لە هەڵوەشاندنەوەی توانای رێکلامکەران لە فەیسبووک و ئینستاگرام بۆ بەئامانجگرتنی هەرزەکاران بە پشتبەستن بە ڕەگەزەکەیان، و تەنها ئامانجکردنەکە لە رێگەی پشتبەستن بێت بە تەمەن و شوێن ، و ئەمەش دڵنیای زیاتر دەدات لەوەی هەرزەکاران ببینن رێکلامەکان کە لەگەڵ تەمەنیان بگونجێت.