دەڵێن لە ساڵی 2009وە قەرزدارە
کارەبای کاسۆ مۆڵ لە سلێمانی بڕاوەو دوکاندارەکانیش دەڵێن بۆ ئێمە باجەکەی بدەین
+964
دیلان محەمەد -سلێمانی
کارەبای کاسۆ مۆڵ لە سلێمانی کوژێندراوەتەوەو دوکاندارەکانیش کۆبوونەتەوەو دەڵێن ئێمە پارەی خۆمان داوە، هەقمان چییە خاوەن مۆڵ پارەی کارەبا قەرزدارە، بۆچی فەرمانگەی کارەبا شەڕەکە بە ئێمە دەفرۆشێت.
کاسۆ مۆڵ یەکێکە لە مۆڵە دیارەکانی سلێمانی لەناوجەرگەی شارە، رێک دەکەوێتە بەرامبەر مزگەوتی گەورەی سلێمانی، مۆڵێکی میلی و قەرەباڵغە.
دوکاندارەکان کە خۆیان دەیانوت 400 دوکاندار دەبن، لە کاتژمێر 10:30ی ئەم بەیانییەوە کارەبایان لێ کوژێندراوەتەوە چونکە خاوەن مۆڵەکە پارەی کارەبای نەداوە.
سابیر عومەر دوکاندارە لە مۆڵەکە، قسەی بۆ پەیامنێری 964 کردو وتی ”ئێمە هەموومان سەعاتی کارەبای خۆمان هەیەو کارتی کارەبا دەکڕین، حەقمان چییە خاوەن مۆڵ پارەی کارەبای نەداوە”.
دوکاندارەکان لە دوکانەکانی خۆیان هەتبوونە دەرەوەو لەبەردەرگای مۆڵەکە کۆبوونەوە، داود عومەر دوکاندارێکی ترە وتی ”دوکاندارەکان مانگانە پارەی خۆیان دەدەن، بەڵام دائیرەی کارەبا چووە ئەوەشی بڕیوە بۆ ئەوەی خاوەن مۆڵەکە ناچار بکەن پارەکەی بدات، ئەوەندەی من بزانم ئەویش قەرزار نییە، بەڵام دائیرەی کارەبا دەڵێت بەپێی سیستەمە کۆنەکە لە ساڵی 2009وە قەرزارە”.