ئەو پێنج وەزارەتەی هەرێم کە زۆرترین بڕە پارەی موچەیان بەردەکەوێت
964+
بەهرە محەمەدئەمین
لەو لیستەی وەزارەتی دارایی عێراق بۆ موچەی مانگی شوباتی موچەخۆرانی هەرێم رایگەیاند پێنج وەزارەت زۆرترین بڕە پارەیان بردووە کە 81٪ی کۆی گشتی پارەی پێویست بۆ موچەی وەزارەتەکانە و دەگاتە نزیکەی 350 ملیار دینار.
وەزارەتەکانی پەروەردە، ناوخۆ، تەندروستی، خوێندنی باڵا و کارەبا یەک بە دوای یەک پێنج زۆرترین بڕە موچەیان هەیە.
کۆی گشتی بڕە پارەی پێویست بۆ ئەم پێنج وەزارەتە 349 ملیار و 316 ملیۆن دینارە لە کۆی 429 ملیار و 947 ملیۆن کە بە هەموو وەزارەتەکان پێویستیانە.
گشت وەزارەت و دەستەکانی دیکە پێکەوە تەنیا 80 ملیار و 630 ملیۆنیان پێویستە بۆ دابینکردنی موچەی فەرمانبەرانیان.
وەزارەتی پەروەردە کە لە پلەی یەکەمی ئەو وەزارەتانەیە کە زۆرترین بڕی پارەیان بۆ موچە پێویستە بە تەنیا 153 ملیار و 223 ملیۆن دینار بۆ موچەی فەرمانبەرانی وەزارەتەکەی دەبات.
دوای ئەو وەزارەتی ناوخۆیە کە 76 ملیار و 949 ملیۆن دینار دەبات و پلەی دووەمی هەیە.
وەزارەتی تەندروستی بە 54 ملیارو 531 ملیۆن سێیەم وەزارەتە و خوێندنی باڵاش وەک چوارەم وەزارەت 46 ملیارو 665 ملیۆن دەبات.
پێنجەم وەزارەتیش وەزارەتی کارەبایە کە 17 ملیار و 946 ملیۆنی بردووە.
ئەمشە و وەزارەتی دارایی عێراق بڕی 566 ملیار دیناری بۆ موچەی مانگی شوباتی موچەخۆرانی هەرێم خستە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی هەرێم.