مامەڵەی ھەوایی؛ مۆتەکەی مامەڵەکارانی بازاڕی دۆلارەکە

+964

دیلان محەمەد – سلێمانی

ئەوەی ئێستا لە بازاڕی دۆلارەکەی شاری سلێمانی دەگوزەرێت ھیچ کاتێک وانەبووە و مامەڵەکارێکیش دەڵێت، “ئێستا خەریکی قومارێکی موحتەرامانەین”.

یەکێک لەو مامەڵەکارانەی لە بازاڕی دۆلارەکەی سلێمانی کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت بە 964+ی راگەیاند، ئێستا لە ناوەڕاستی ئەم بازاڕە کۆبوونەوە و مامەڵەی تمەن دەکەن بە نەقد و بە ھەوایی.

ئەو کاسبییەکەیان بە “قوماری موحتەرەمانە” ناودەبات و پێیوایە حەرامە، چونکە ئەو تومەنەی مامەڵەی پێوە دەکەن لە راستیدا بوونی نییە و خۆیان ژمارەی لێدەدەن.

ئەوەشی خستەڕوو، چەندین کەس ھەیە بەھۆی مامەڵەی تومەن بە ھەوایی سەر و ماڵی داناوە، خەڵک دەناسێت دوو دوکانی ھەبووە لەو بازاڕی دۆلارەدا و سێ خانوی ھەبووە، ئێستا ئیفلاسی کردووە ھیچ موڵک و ماڵێکی نەماوە و قەرزارە.

مامەڵەی ھەوایی مامەڵەیەکە لەناو بازاڕی دۆلاری سلێمانیدا سەریھەڵداوە و ئەو کەسانەی ئەو کارە دەکەن، دەڵێن “یەک ملیار تومەن بۆ سبەینێ کێ دەیەوێت؟”، ھەر کەسێک بیەوێت ئەوا ماڵ دەبێت لەسەری و گەر بۆ بەیانی نرخی تومەن بەرز ببێتەوە ئەوا دەبێت خێر بدات بەو کەسە و گەر داببەزێت ئەوا دەبێت زەرەرەکەی چەندە بیدات.

ئەوەی سەیرە لێرەدا ھیچ تومەنێک نییە لە راستیدا و گەر خۆی خاوەنی 10 ھەزار دۆلار بێت دەچێت مامەڵەی 50 ھەزار دۆلار دەکات و لەکاتی دابەزینی تومەن، زەرەرێکی زۆر دەچێتە سەر شانی.

تیمی 964+ چووە بازاڕی شەوکەتی مەلا کە تایبەتە بە ئاڵوگۆڕی دراو، لەوێ مامەڵەچیەکان کە تەنھا مامەڵەی ھەوایی دەکەن بازاڕێکی گەرمیان دروست کردووە.

مامەڵەچیەک لەوێ کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت وتی، “کەس لەم بازاڕە تێناگات و ئێمەش موجازەفە دەکەین، من تومەن دەفرۆشم بۆھەفتەیەکی دیکە یان خێر دەکەم یان زەرەر”.

باسی لەوەشکرد، لەو بازاڕەدا کەس نییە زەرەری نەکردبێت و ھەموی بەرکەوتووە و چەندین دوکان داخراون بەھۆی ئیفلاسبوونەوە.

لەوبارەیەوە، جەبار گۆران، وتەبێژی بازاڕی دۆلارەکە بە 964+ی وت، مامەڵەی ھەوایی ناوەکەی بەخۆیەوە و لەسەرئاستی تومەن دەکرێت، نە تومەن لە ئارادا ھەیە نە دۆلار و تەنیا مامەڵەیەکی بەتاڵە و بە ژمارە دەکرێت.

بە قسەی ئەو لەو مامەڵەیەدا، کەسێک بڕێک پارەی پێیە و بە قەبارەی پارەکەی خۆی مامەڵە ناکات، بە قەبارەی 10 ھێندەی پارەکەی خۆی مامەڵەدەکات.

باسی لەوەکرد، لە مامەڵەی نێودەوڵەتیدا بابەتێک ھەیە پێی دەوترێت “فیوچەر کۆنتراکت” کە ئەمە بۆ کڕینی کاڵا و شتومەکە و بەشێکی دەکەوێتە قەرزەوە لە کاتی کڕیندا لە دەرەوەی وڵات و ئەو بەشە قەرزە کە دەمێنێتەوە، ئەو کەسە ئەو دراوە دەکڕێت لە ترسی ئەوەی نەوەک نرخەکەی بەرز ببێتەوە، ئەوە بۆ کاتی مەترسی زەرەرکردنە و بۆ ئەوەی لێی دووربکەوێتەوە.

ئەو وتەبێژە دەڵێت، ئەو مامەڵەیە ئێستا لە بازاڕی دۆلارەکەدا زۆرە و لە مانگی رابردوودا پێنج کەس بەو ھۆیەوە مایەپوچ بوون.

لە شاری سلێمانی دوو بازاڕی ئاڵوگۆڕی دراو ھەیە و رۆژانە مامەڵەکردن بە دراوە جیھانیەکانەوە تیایدا بەردەوامە.