بەپێی ناسنامەکەی
بەتەمەنترین ژنی کەرکوک لە تەمەنی 124 ساڵیدا گیانی لە دەستدا
964+
کاروان ساڵحی – کەرکوک
ژنێکی تەمەن 124 ساڵەی دانیشتوی ناحیەی لەیلان، بەیانی ئەمڕۆ لە نەخۆشخانەی کەرکوکی فێرکاری گیانی لە دەستدا.
رەنگە ئەم ژنە بەتەمەنترین ژنی هەرێمی کوردستان و جیهان بێت، چونکە بەپێی گەڕانی 964 بەتەمەنترین ژنی جیهان، ژنێکی ئەمریکیە لەتەمەنی 117 لەژیاندایە.
د.زیاد خەڵەف بەرێوەبەری فەرمانگەی تەندروستی کەرکوک بە 964ـی وت، ئەو ژنەی ئەمڕۆ بەیانی گیانی لەدەستدا بەپێی ناسنامەکەی لەدایکبووی 1.7.1900 بووە، بەناوی “موڕە محەمەد گەسب” دانیشتووی ناحیەی لەیلان بووە.
ئەوەشی وت، درەنگانی شەوی شەممە باری تەندروستی ئەو ژنە تێکچووە، گواستراوەتەوە بۆ نەخۆشخانەی فێرکاری کەرکوک، دواتر بەرلەوەی بگوازرێتەوە بە بەشی فێرکاری نەخۆشخانەکە گیانی لەدەستداوە.
بەپێی وتەی د.زیاد خەڵەف بێت، “ئەو ژنە یەکێکە لە بەتەمەنترین ژنی شاری کەرکوک”.
ساڵی پار لەمانگی نیسان دوو بەتەمەنترین ژنی عێراق گیانیان لەدەستدا، رۆژی 10.4.2023 لە پارێزگای زیقار ژنێک بەناوی مەدلوە مەنهەل محەمەد لە تەمەنی 138 ساڵی گیانیلەدەستدا، شەش مانگ دوای ئەوە، رۆژی دووشەممە 2.10.2023 عاسیمە عەلی یەکێک بوو لەو ژنانەی شارباژێڕ کە وەک بەتەمەنترین ژنی ناوچەکە دەناسرا لە تەمەنی 123 ساڵی کۆچی دوایی کرد.