بریکارەکانی خۆراک رازی نین لەو پارەیەی وەریدەگرن

+964

رێژوان مامە قادر – سلێمانی

بریکارەکانی ئارد لە شاری سلێمانی، نوسراوێکیان داوەتە ئەنجومەنی پارێزگا و داوایان کردووە، بڕی ئەو پارەیەیان بۆ زیادبکرێت کە لە هاوڵاتیانی وەردەگرن.

ئەوان دەڵێن، ئەو پارەیەی بۆیان دەمێنێتەوە بەشی بژێوی ژیانیان ناکات.

ئیسماعیل عەلی، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی، قسەی بۆ +964 کرد و دەڵێت، بریکارەکانی ئارد گلەیی ئەوەیان هەیە، ئەوان جگە لە پارەی کرێی دوکان، بۆ داگرتنی هەر فەردەیەک ئارد دەبێت 500 دینار بدەنە کرێکارەکان، بۆ هەر وەجبەیەک ئارد کە دێت بۆ هاوڵاتیان دەبێت بڕی دوو هەزار دینار بدەن، جگە لەوە ساڵانە بۆ نوێکردنەوەی مۆڵەتەکانیان دەبێت 100 هەزار دینار بدەن.

ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی پارێزگا وتیشی “لە بەرانبەر ئەو فشارە زۆرەی لەسەریانە، بریکارەکان بڕی تەنیا 100 دینار بۆ هەر نۆ کیلۆ ئارد لە هاوڵاتیان وەردەگرن، کە ئەوەش بڕێکی کەمە و بژێوی ژیانی بریکارەکان پەیدا ناکات”.

نوسراوەکە واژووی هەریەکە لە ئیسماعیل قادر و رێبوار بازیانی ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی لە رێککەوتی 9ی کانونی دووەمی 2023ی لەسەرە. ئەو دوو ئەندامە داوا دەکەن، ئەنجومەنی پارێزگا نوسراو بۆ وەزارەتی بازرگانی عێراق بکات بۆ ئەوەی گرفتەکەیان چارەسەر بکرێت.

+964 زانیویەتی، تا ئێستا هیچ بریکارێکی ئارد بڕیاری وازهێنان یان مانگرتنی نەداوە.