ئێستا كێشه‌ی ڤیزا هه‌یه
گه‌شتی راسته‌وخۆی هه‌ولێر – ئازه‌ربێجان دەكرێته‌وه؟
964+
ئه‌رسه‌لان عه‌بدوڵا
له دیداری سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان و باڵیۆزی ئازه‌ربێجان له عێراق، باس له كردنه‌وه‌ی نوێنەرایەتی ئازه‌ربێجان له هه‌ولێر و گه‌شتی راسته‌وخۆی نێوان هه‌ولێر و ئازه‌ربێجان كرا.
سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردستان ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه 5.3.2024 رایگه‌یاند، پاشنیوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ نێچیرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، له هه‌ولێر له‌گه‌ڵ نه‌سیر مه‌مه‌دۆف، باڵیۆزى ئازه‌ربایجان له عێراق كۆبووه‌وه.
له كۆبوونه‌وه‌كه‌دا، وه‌ك له راگه‌یاندراوه‌كه‌دا باس كراوه، بره‌ودان به په‌یوه‌ندییه‌كان و فراوانكردنى هاریكاریى هاوبه‌شى ئازه‌ربایجان له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمى كوردستان له بواره جیاكاندا، دوایین رێكاره‌كانى كردنه‌وه‌ى نوێنه‌رایه‌تیى ئازه‌ربایجان له هه‌رێمى كوردستان، هه‌روه‌ها هه‌وڵى كردنه‌وه‌ى گه‌شتى راسته‌وخۆى ئاسمانیى نێوان ئازه‌ربایجان و عێراق و هه‌رێمى كوردستاندا، تاوتوێ كران.
ئاماژه به‌وه‌ش كراوه، هه‌ردوولا دووپاتیان كرده‌وه به بایه‌خ و گرنگییه‌وه له په‌یوه‌ندییه‌كانى نێوانیان ده‌ڕوانن و باسیان له ده‌رفه‌تى كار و وه‌به‌رهێنان بۆ كه‌رتى تایبه‌ت و كۆمپانیا ئازه‌رییه‌كان له عێراق و هه‌رێمى كوردستان و هاریكارى له بوارى كولتووریدا كرد.
ئێستا گه‌شتی راسته‌وخۆ له نێوان هه‌ولێر و ئازه‌ربێجان نییه، به‌ڵكو به ترانزێت ده‌بێت بچیته به‌غدا و له‌وێشه‌وه به‌ره‌و باكۆی پایته‌ختی ئازه‌ربێجان.
شێرزاد ئیبراهیم خاوه‌نی گرووپی كۆمپانیاكانی پاندا له هه‌ولێر، كه ڤیزا و بلیتی گه‌شت بۆ ئازه‌ربێجان دابین ده‌كه‌ن، به 964ی وت، كردنه‌وه‌ی نوێنەرایەتی یان كونسوڵخانه‌ی ئازه‌ربێجان له هه‌ولێر، هه‌نگاوێكی زۆر باش ده‌بێت بۆ هاوڵاتیانی كوردستان، بۆ ئه‌وه‌ی به ئاسانی ڤیزای گه‌شتكردن بۆ ئه‌و وڵاته به‌ده‌ست بهێنن.
وتیشی، ئێستا كێشه‌ی دابینكردنی ڤیزا زۆره و بە نرخێکی زۆر و نافەرمی دەستدەکەوێت، جگه له‌وه‌ش گه‌شتی راسته‌وخۆ نییه، بۆیه هه‌نگاوێكی گرنگه ئه‌گه‌ر ئه‌و پێشهاتانه بێنه‌دی و گه‌شتكردن و به‌ده‌ستهێنانی ڤیزا و دابیكردنی هێڵێكی راسته‌وخۆی فڕۆكه‌وانی له نێوان هه‌ولێر و باكۆ دابین بكرێت.
ئەم دیدارەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ باڵیۆزی ئازەربێجان لە هەولێر دوای ئەوە دێت، لە رۆژانی رابردوو سەرۆکی هەرێم لە کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن لەگەڵ سەرۆکی ئازەربێجان ئیلهام عەلیێڤ دیداری هەبوو، ئەم جگە لەوەی لە هاوینی رابردووش نێچیرڤان بارزانی سەردانی ئەو وڵاتەی کرد.