60 ملیۆن دینار زیانیان بەرکەوتووە

هاوڵاتیانی زیانلێکەوتووی لافاوەکەی پیرەمەگروون قەرەبوو نەکراونەتەوە

964+

بەرزان عوسمان – دوکان

تا ئێستا ئەو شوێنەی ناحییەی پیرەمەگروون قەرەبوو نەکراونەتەوە، کە ناوەڕاستی مانگی رابردوو بەهۆی دروستبوونی لافاوەوە زیانیان بەرکەوتبووە و بەڕێوەبەری ناحییەکەش دەڵێت، قەبارەی زیانەکە 60 ملیۆن دینارە.

ئاراس محەمەد، کە هاوڵاتییەکی ناحییەکەیە و بەهۆی چوونەژوورەوەی ئاو بۆ ناو کۆگاکەی تووشی زیان بووە و بۆ 964 وتی، “دوکانەکەم خواردەمەنی بووە و زیانی 30 ملیۆن دیناری پێگەیشتووە و داواکارین قەرەبوو بکرێینەوە”.

بەپێی ئامارێکی پارێزگای سلێمانی کە دەست 964 کەوتووە، لە سنووری پارێزگاکە 60 ماڵ و کۆگا و ئۆتۆمبێلی هاوڵاتیان بەهۆی لافاوەکەی مانگی ڕابردوو زیانیان بەرکەوتووە.

بەکر عەبدولکەریم، بەڕێوەبەری ناحییەی پیرەمەگروون بە 964ـی وت، “لە رێگەی لیژنەیەکەوە خەمڵاندنی سەرەتاییمان بۆ زیانەکان کردووە، کە زیاتر لە 60 ملیۆن دینار زیان بەر هاوڵاتیانی ناحییەی پیرەمەگروون کەوتووە”.

بەڕێوەبەری ناحییەی پیرەمەگرون دەشڵێت، وەک ناحییە هیچ بوودجەیەکیان لەبەردەست نییە بۆ قەرەبووکردنەوەی زیانلێکەوتوان، “خەمڵاندنی سەرەتایی و زانیارییەکانی زیانلێکەوتووانمان ناردووە بۆ پارێزگای سلێمانی بۆ ئەوەی لە رێگەی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان یاخود حکومەتی عێراقەوە بتواندرێت قەرەبوویان بکرێتەوە”.

پێداچوونەوە: پێشەوا محەمەد

لافاوەکەی پیرەمەگروون سێ پردی رووخاندووە

لافاوەکەی پیرەمەگروون سێ پردی رووخاندووە