کاسبکارانى گەڕەکى 16ـى ئاب لە کەرکوک

دژى رووخاندنى گەراج و دوکانەکانیان گردبوونەوە

964+
کاوان ساڵحی -کەرکوک

کاسبکارانی گەڕەکی 16ـی ئاب لە شارى کەرکوک،  دژی رووخاندنی گەراج و دوکانەکانیان گردبوونەوە و خێوەتیان هەڵدا و دەستیان بە تایە سووتاندن کرد، هەردوو شەقامی هاتن و رۆیشتنیشیان لە نێوان گەڕەکی عەسکەری و ناحیەی لەیلان داخست.

بەیانی ئەمڕۆ، لیژنەی زیادەڕۆی کەرکوک چەند گەراجێکی گەڕەکی 16ـی ئابی رووخاند، بیانووەکەش ئەوە بوو ئەو زەوییە زیادە دراوە بە وەبەرهێنەرێکى خەڵکی پارێزگای رومادی.

ئەحمەد مەجید زەنگەنە کاسبکار و دانیشتووی گەڕەکی 16ـی ئاب بە 964ـی وت، “زەوییەکە کشتوکاڵییە و ئێمە لە دەستی دوو کڕیومانە، زیاتر لە 20 گەراج و دوکانی تێدایە و قوتى دەیان خێزانى لەسەرە”.

بە وتەى ئەحمەد مەجید، قسەیان لەگەڵ شارەوانی و قایمقامیەت و چەند شوێنێکی دیکە کردووە، بەڵام خۆیان لە ئیشەکە بێبەرى کردووە.

وەک ئەوەى ئەحمەد مەجید باسى دەکات، فرۆشتنى ئەو زەوییە دژى بڕیارى سەرۆک وەزیرانە، کە بڕیاریداوە هەر زەوییەکى کشتوکاڵى خانووى لەسەر دروستکرا، تاپۆ بکرێت.

964، چەند جارێک پەیوەندی سەرۆکی لیژنەی زیادەڕۆییەوە کرد، بەڵام پەیوەندییەکە بەردەست نەبوو.

پێداچوونەوە: وریا فەتاح

مانگرتووانى گەڕەکى نەورۆز لە بەردەم ماڵەکانیان نوێژى ...

مانگرتووانى گەڕەکى نەورۆز لە بەردەم ماڵەکانیان نوێژى هەینیان ئەنجامدا