ئێرلینگ فۆلکڤۆرد. وێنە:ئاژانسەکان.
دوو کتێبى لەسەر کورد نوسیووە
دۆستێکى دێرینى کورد کۆچى دوایى کرد
964+
وریا فەتاح
بەرەبەیانى ئەمڕۆ، ئێرلینگ فۆلکڤۆرد، سیاسەتمەدارى نەرویجى و دۆستى نزیکى کورد و دۆزى کورد و فەڵەستین، لە تەمەنى 74 ساڵیدا کۆچى دوایى کرد.
پێگەى فەرمى NORWAY POSTS ENGLISH، لە زارى خێزانەکەیەوە بڵاوى کردەوە، بەرەبەیانى ئەمڕۆ، لە تەمەنى 74 ساڵیدا ئێرلینگ فۆلکڤۆرد گیانى لەدەستداوە، دواى ئەوەى لەم دواییانەى تەمەنیدا لە گەشتى بەردەوامدابووە لە ستۆکهۆڵمەوە بۆ کوردستان و فەڵەستین و سەرقاڵبوون بە پڕۆژەیەکى نوسینی کتێب.
ئەو سیاسەمەتدارە دوو کتێبی هەبووە بەناوەکانی (کوردستان و رۆژئاڤا) ئەوەی لەسەر ژیانی بڵاوکراوەتەوە لەبەرامبەر ئەو بەرگریەی لە دۆزی کورد کردوەیەتی تورکیا گەشتکردنی بۆ وڵاتەکەی لێ قەدەغەکردبوو.
لاى خۆیەوە کامەران مەلا عوسمان، ئەندامى تیمى کوردستانى رێکخراوى CPTـى ئەمەریکى بە 964ـى وت، “ئێرلینگ، پەرلەمانتاری پێشووتری نەرویج بوو، لە ناوەڕاستی نەوەدەکانەوە تا کۆچکردنیشی هەموو دەرفەتەکانی دەقۆستەوە بۆ بەرگریکردن لە کورد و دۆزەکەی، لەکۆتایی نەوەدەکان لە هاتوچۆی بەردەوامدابوو لە نێوان مام جەلال و کاک مەسعود بۆ راگەیاندنی پڕۆسەی ئاشتی و کۆتاییهێنان بە شەڕی ناوخۆ، جگە لەوە دۆستی عەبدوڵا ئۆجەلان و پشتیوانی خەباتی کورد بوو لە باکوری کوردستان”.
“ئێرلینگ دوو کتێبی لەسەر شۆڕش و خەباتی کورد نوسیووە، لە کۆتایی مانگی نۆڤێمبری 2023دا بەمەبەستی نوسینی سێیەمین کتێبی لەسەر دۆزی کورد سەردانی کوردستانی کرد و بۆماوەی 10 رۆژ بەیەکەوە کارمانکرد”، کامەران مەلا عوسمان واى وت.