دەرگای هاوردە کراوەتەوە بەڵام بە مەرج
رێکارەکانی دابەزاندنی نرخی گۆشتی سوور دەستیپێکردووە
964+
فەهمی نەبی
وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق دەڵێت، میکانیزمی هاوردەکردنی گۆشت و ئاژەڵ پەسەندکراوە و باجی سەر هاوردەکردن کەمکراوەتەوە، بۆیە پێشبینی دەکرێت وردە وردە نرخی گۆشت دابەزێت، وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمیش دەڵێت، دەرگا کراوەیە بۆ هاوردەکردنی ئاژەڵ.
ئەمڕۆ هەینی، هیوا عەلی وتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان بۆ 964 قسەیکردووە دەڵێت، هاوردەکردنی ئاژەڵ و گۆشت رێگەی پێدراوە ئەمەش بۆ دروستکردنی هاوسەنگی و کەمکردنەوەی فشارەکانی بەرزبوونەوەی نرخی گۆشتی سوور.
وتیشی، مۆڵەت بەچەندین کێڵگەی گەورەی بەخێوکردنی ئاژەڵدراوە، لەماوەی داهاتوودا ئەگەر ئەو پڕۆژانە هەموویان بکەونە سەر ئاراستەی کارکردن باوەڕ ناکرێت نرخی گۆشت هێندە بەرز ببێتەوە.
لەلایەکی دیکە محەمەد ئەلحوزاعی وتەبێژەی وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی وتوە، ئەگەرچی دەرگای هاوردەکردن کراوەیە، بەڵام سنووردارکراوە، ئەمەش لەپێناو پاراستنی تەندروستی، بۆیە لەهەموو وڵاتێک مانگا و مەڕ هاوردە ناکرێت.
لەبارەی مەرجەکانی هاوردەکردن ئەو وتەبێژە وتویەتی، هەر وڵاتێک ئەندامی رێکخراوی تەندروستی جیهانی نەبێت رێگەنادرێت گۆشت و ئاژەڵی لێ هاوردەبکرێت، هاوکات دەبێت پەیوەندییەکی هاوبەشی تەندروستی هەبێت، کاتێک بڕیاردەدرێت گۆشت لەهەر وڵاتێک هاوردە بکرێت تیمێکی ڤێرتێرنەری دەچنە ئەو وڵاتە بۆ پشکنین.
بەقسەی محەمەد ئەلحوزاعی ئەو رێکارانە پێویستی بە ماوەیەک هەیە تا کاریگەری لەسەر دابەزینی نرخ هەبێت هەرچەندە ئێستا نرخەکان گۆڕانکاریان بەسەرهاتووە، ئەمەش چونکە مانگی رەمەزان لەپێشە بۆیە زەحمەتە وا بەخێرایی نرخەکان دابەزن.
لەکۆتاییەکانی مانگی شوبات وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق بڕیاریدا باجی سەر هاوردەکردنی گۆشتی سوور بەڕێژەی 50% بۆماوەی ساڵێک کەمبکرێتەوە، هاوکات وا بڕیاڕە بەمنزیکانە 19 سەر گوێرەکە لە بەڕازیلەوە بگاتە عێراق.
ماوەی مانگێکە لەبازاڕەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان، نرخی گۆشتی سوور بەڕێژەیەکی بەرچاو بەرزبووەتەوە بەجۆرێک لە هەرێمی کوردستان نرخی کیلۆیەک گۆشتی سوور گەیشتە 25 هەزار دینار.