داتاکان بۆ مانگی رابردوو چۆن بوون؟

کەشناسی سلێمانی: وەرزی زستان کۆتایی هات

964+

توانا نەقی

کەشناسی سلێمانی داتاکانی بۆ مانگی شوبات واتە مانگی رابردووە لە پلەی گەرمی و رێژەی باران بارین بڵاوکردەوە و دەلێت، لە رووی کەشناسیەوە لە ئەمڕۆوە وەرزی زستان کۆتایی هاتووە.

بەپێی داتا تۆماركراوەكانی وێسگەی كەشناسی سلێمانی لە مانگی شوباتی ئەمساڵ، بەرزترین پلەی گەرمی 20.0 C° بووە و نزمترین پلەی گەرمیش -0.2 C° بووە، هەروەها تێكڕای پلەی گەرمی لە مانگی شوباتی ئەمساڵدا 8.3 C° بووە كە رێك لە ئاستی تێكڕایی پلەی مانگی شوباتی سی ساڵی رابوردوودایە.

بەڕیوەبەرایەتی کەشناسی و بومەلەرزەزانی سلێمانی بڵاویکردەوە، لە رووی كەشناسیەوە وەرزی زستان كۆتایی هات و ئەمڕۆ 1.3.2024 یەكەم رۆژی بەهارە.

بە پێی حساباتی ساڵی کوردیش لە رۆژی 21.3 یەکەم رۆژی وەرزی بەهار دەست پێدەکات و وەرزی زستان کۆتایی دێت.

دەشڵێت، بەپێی داتا تۆماركراوەكان لە %65 ی بارینەكان ئەكەوێتە وەرزی پایز و زستانەوە، بەو پێیەی كە كۆی گشتی بارانبارین تاوەكو ئەمڕۆ ( 441.5 ملم)ـە و تێكڕای بارانی ساڵانەش لە سلێمانی (675 ملم)ـە، كەواتە بارینی ئەمساڵ تاكو ئەمڕۆ لە ئاستی تێكڕای ساڵانەدایە.

بڕی بارانبارینیش لە مانگی شوباتی ئەمساڵدا 196.5 ملم بووە ، بەراورد بە تێكڕای بارینی مانگی شوباتی سی ساڵی رابوردوو كە 111 ملیمەترە، لە مانگی شوباتی ئەمساڵدا 1.8 ئەوەندەی تێكڕاییەكە باریووە.