%60ی هەڵەبجە نەخشەی کەرتی نییە

بڕیاردرا کێشەیەکی 17 ساڵەی پارێزگای هەڵەبجە چارەسەر بکرێت

964+

فەهمی نەبی

وەزارەتی شارەوانی بڕیاریداوە کێشەیەکی 17 ساڵە لە هەڵەبجە چارەسەر بکات و گرفتی 26 نەخشەی کەرتی لەو پارێزگایە چارەسەر بکات، سەرۆکی شارەوانی هەڵەبجە دەڵێت، %60ی شارەکە نەخشەی کەرتی نییە.

سەلام بیلال سەرۆکی شارەوانی هەڵەبجە بە 964ـی وت، ئەو 26 نەخشەیەی تا ئێستا پەسەند نەکرابوو دەکەوێتە ناوچەی جیاوازی پارێزگای هەڵەبجە، بەهۆی ئەم رێکارە هاوڵاتی لەو نەخشەی کەرتییە نەدەبووە خاوەنی موڵکی خۆی، زەوییەکە بەناوی شارەوانی دەبوو، بەو هۆیەوە زەوییەکان جیانەکراونەتەوە، ئەمەش وایکردووە ئەو زەوییانە نە ئیجازەیان هەبێت نە بەناو بکرێن و نە بتوانرێت مامەڵەیان پێوە بکرێت.

سەرۆکی شارەوانی هەڵەبجە دەڵێت: هاوڵاتی واهەیە زەوی لە باپیرانیەوە بۆ بەجێ ماوە و زیاد لە 50 ساڵە خاوەنی ئەو زەویەیە، بەڵام ناتوانێت مامەڵەی پێبکات، پەسەندکردنی ئەو نەخشانە کێشەیەکی زۆری ئەو پارێزگایە چارەسەر دەکات.

بەبڕوای سەلام بیلال، هۆکاری ئەم کێشەیە بۆ دوو هۆکار دەگەڕێتەوە، هۆکاری یەکەم ئەوەیە هەندێک لە زەوییەکانی هەڵەبجە “کوژانەوە”یان بۆ ئەنجام نەدرابوو، واتا بەناوی وەزارەتەکانی وەک ئەوقاف و دارایی بوون، دەبوو ئەو زەوییانە لەسەر ناوی ئەو وەزارەتانە کوژانەوەی بۆ بکرایە و بخرایەتە سەر شارەوانی تا شارەوانی بتوانێت مامەڵەی لەگەڵ بکات، هۆکاری دووەم توانای تەکنیکی و مادی شارەوانی لەو ئاستە نەبوو تا بتوانێت رووپێویان بۆ بکات.

ئەمڕۆ پێنجشەممە ساسان عەونی وەزیری شارەوانی حکومەتی هەرێم سەردانی پارێزگای هەڵەبجەی کردووە و بەشارەوانی وتووە، دەرخستە بۆ ئەو 26 نەخشەی کەرتییە بکەن، بەگوێرەی قسەی سەرۆکی شاروانی 150 ملیۆن دینار تێچووی چاککردنی نەخشەکەیە.

سەرۆکی شارەوانی هەڵەبجە دەڵێت، بە سێ مانگ هەموو پرۆسەکە کۆتایی دێت، بەڵام پرۆسەیەکی ماندوکەرە چونکە دەبێت ئەو زەوییانە دووبارە نەخشەسازی بۆ بکرێتەوە و جیابکرێتەوە.

پارێزگای هەڵەبجە لە 43 نەخشە پێکدێت، لەو ژمارەیە 26یان نەخشەی کەرتی نییە ئەمەش دەکاتە بەنزیکی %60ی کۆی رووبەری ناو پارێزگای هەڵەبجە.

پارێزگای هەڵەبجە خەڵوەتگەی پیری لێ نییە

پارێزگای هەڵەبجە خەڵوەتگەی پیری لێ نییە