لەگەڵ نزیکبوونەوەی بەهار

رێگەی جێگرەوە بۆ پردە رووخاوەکانی قەزای دوکان دروستکران

964+

ژووری هەواڵ

لە قەزای دوکان لە جێگەی ئەو سێ پردەی کە لە بارانبارینەکەی چەند رۆژی رابردوودا رووخان، رێگەی جێگرەوە دروستکران، قایمقامیەتی قەزاکەش دەڵێت، هەوڵی دروستکردنەوەی پردەکانیش دەدەین.

قەزای دوکان شوێنێکی گەشتیارییە و چەندین سەیرانگای لێیە، لەگەڵ نزیکبوونەوەی وەرزی بەهار پێشبینی چوونی گەشتیارێکی زۆر دەکرێت بۆ سنوورەکە، قایمقامیەتی قەزاکە دەیەوێت بەر لە هاتنی وەرزی سەیران هیچ هۆکارێک بۆ دروستبوونی ئاستەنگی هاتوچۆ نەهێڵێتەوە.

یەکێک لە پردەکان چاککراوەتەوە، بەڵام دووانەکەی دیکە کەڵکیان نەماوە و لە تەنیشتیانەوە بە دانانی بۆری گەورە و بەرزکردنەوەی گڵ رێگە دروستکراوە.

ئەمڕۆ پێنجشەممە 29.2.2024، سیروان سەرحەد، قایمقامی دوکان بە 964ـی راگەیاند، “بە فەرمی داوامان لە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار کردووە پارەی پێویست دابینبکرێت بۆئەوەی پردە روخاوەکانی سنورەکە چاکبکرێنەوە”.

ئەو پردانەی لە سنوری قەزای دوکان بەهۆی لافاو و بارانبارین روخاون ئەمانەن: پردی شیلەخان، پردی تەڕەمارەکۆن و پردی زەرزی، قەرەباڵغترینیان پردی چەمی رێزانە کە زۆرترین هاتوچۆی پێدا دەکرا پێش رووخانی.

ئەمڕۆ رێگەی جێگرەوە بۆ پردی زەرزی دروستکرا و هاتوچۆی هاوڵاتیان لە سنورەکانی قەزای دوکانەوە بۆ ناوچەکانی بازیان و دەوروبەری و هاوکات هاتوچۆی هاوڵاتیان بۆ ناوچەی گەشتیاری چەمی رێزان ئاسای بووەتەوە. پێشتریش چەند رێگەیەکی جێگرەوە لە نزیک پردەکانی پردی تەڕەمارەکۆن و زەرزی دروستکران.

لافاوەکەی پیرەمەگروون سێ پردی رووخاندووە

لافاوەکەی پیرەمەگروون سێ پردی رووخاندووە