داوای چی دەکەن؟
ئەگەر کارتی نیشتمانیت نییە سەردانی پاسپۆرتی سلێمانی مەکە
+964
دیلان محەمەد جەزا
پاسپۆرتی سلێمانی لەمەودوا تەنیا کار بە کارتی نیشتمانی دەکات بۆ راپەڕاندنی مامەڵەی هاوڵاتیان، بەڕێوەبەری پاسپۆرتیش دەڵێت، پاسپۆرت پێش فەرمانگەکانی دیکە ئەو بڕیارەی جێبەجێ کرد.
عەمید سالار عەبدوڵا بەڕێوەبەری پاسپۆرتی سلێمانی بە 964 وت، بڕیارێکی تایبەت دەرچووە تایبەت بە پاسپۆرت، دەبێت لە مانگی یەکەوە تەنیا کار بە کارتی نیشتمانی بکرێت، کار بە پێناسی باری شارستانی ناکرێت.
باسی لەوەش کرد، ئەو هاوڵاتیانەی دێنە لایان بۆ مامەڵەی پاسپۆرت، دەبێت کارتی نیشتمانیان پێ بێت و چیتر کار بە بەڵگەنامەکانی پێشتر ناکرێت.
ئەوەی خستەڕو، تا ئێستا نزیکەی هەشت هەزار هاوڵاتی پاسپۆرتی جۆری A یان تەواو بووە، بەڵام تا ئێستا نەهاتوون پاسپۆرتەکانیان وەربگرنەوە.
عەمید سالار وتی: تا ئێستا لۆد لەسەر پاسپۆرتی سلێمانی ماوە، بەڵام کارەکان بە ئاسانی دەڕۆن و گرفتەکانی ناو سیستمەکە چارەسەر کراوە و کارمەندەکانیش راهاتوون، هەر هاوڵاتییەک سەردانیان بکات هەمان رۆژ پاسپۆرتەکەی وەردەگرێتەوە”.
پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا