بەرپرسانی ئەمنەسوورەکە چی دەڵێن؟

دانانی پەیکەرێکی سەدام حسێن لە ئەمنەسوورەکەی سلێمانی ناڕەزایەتی دروستکردووە

964+

رێژوان مامە قادر – سلێمانی

دانانی پەیکەرێکی سەدام حسێن لە مۆزەخانەی ئەمنەسوورەکەی سلێمانی ناڕەزایەتی لێدەکەوێتەوە و داوای لابردنی دەکرێت، مۆزەخانەکەش دەڵێت وەک هێمای رووخان ئەو پەیکەرە دانراوە.

ئەو پەیکەرەی لە مۆزەخانەکە دانراوە ساڵی 1997 دروستکراوە و لە دەروازەی سەربازگەیەک نزیک چوارڕیانی عەرەفە لە شاری کەرکوک دانرابوو و لە پڕۆسەی ئازادی عێراقدا رووخێندرا، پەیکەرەکە لە لایەن فایەق حەمەساڵحی وێنەگرەوە دەهێندرێتەوە سلێمانی و پێشکەشی مۆزەخانەکەی دەکات و ئێستاش لە لایەن مۆزەخانەکەوە دانراوە.

زامۆ دارۆغا، هونەرمەند بە 964ـی راگەیاند، دانانی ئەو پەیکەرەی سەدام حسێن ئەوەندەی سوکایەتی پێکردنە بە قوربانییەکان و مێژووی خەباتی کورد، ئەوەندە گێڕانەوەی مێژوو نییە بۆ نەوەکانی دواڕۆژ.

وتیشی، “هەموو دیزاینەکە لە خزمەتی گەورەکردن و شکۆدانە بە پەیکەرەکە بەرامبەر بە بینەر کە لە پێشەوە تەماشای ئەکەی و قەبارەی پەیکەرەکە گەورەتر ئەکات لە ئاستی بینینی بینەرەوە، ئەوەش ئەو هەستە ئەدات بە بینەر کە چەند بچوکە لە ئاست ئەو پەیکەرەکەدا”.

ئاکۆ غەریب بەڕێوەبەری مۆزەخانەی ئەمنەسوورەکەی سلێمانییە و بەهۆی نەخۆشییەوە لە مۆڵەتدابوو.

سەرچاوەیەک لە مۆزەخانەکە کە نەیویست ناوی بهێندرێت بە 964ـی راگەیاند، بیرۆکەی دانانی پەیکەرەکەی سەدام لەناو مۆزەخانەکە بۆ بیرهێنانەوەی رووخانی ئەو دیکتاتۆرەیە کە ئەو کارەساتەی ناوەتەوە کە لە مۆزەخانەکەدا نمایش کراوە.

وتیشی، “دوای گەڕانەوەی بەڕێوەبەر رەنگە وەڵاممان هەبێت بۆ ئەو ناڕەزاییانە، یان هەر وەڵام نادەینەوە تا بابەتەکە خۆی تێگەیشتن لای هونەرمەندان و هاوڵاتیان دروست بکات”.

پێداچوونەوە: توانا نەقی

ئەوانەى وێنەى سەدامیان بەرزکردەوە سزای تووند دران

ئەوانەى وێنەى سەدامیان بەرزکردەوە سزای تووند دران