‎شارەزایەكی كەشناسی روونی دەكاتەوە

رەشەبا چۆن هەڵدەكات؟

964+

‎ئەحمەد محەمەد – سلێمانی

‎رەشەبا یان بای بەهێز دیاردەیەكی خۆرسك و سروشتییە، لە دەرئەنجامی پاڵەپەستۆ و گۆڕانكاری بارستە هەوا لە ناوچەیەكەوە بۆ ناوچەیەكی دیكە، كە ئاستی پەستانەكەیان جیاواز بێت، دروست دەبێت.

‎ئاسۆ كەمال، بەڕێوەبەری كەشناسی و بومەلەرزەزانی سلێمانی و شارەزای بوارەكە بە 964ـی وت، “چالاكبوونی خێرایی با بەهۆی كاریگەریی ئەو بەرزە پەستانانەوەیە، كە لە ناوچەكانی باكووری هەرێم و باكووری رۆژهەڵاتی هەرێمەوە دێن، كە رەوشی كەشوهەوای ناوچەكە دەگۆڕێت و بای بەهێز هەڵدەكات”.

‎وتیشی، لەهەمان كاتدا جێگیربوونی نزمەپەستانێكی بەهێز لە ناوچەكانی هەرێم هۆكارێكی دیكەیە بۆ چالاكبوونی بای بەهێز.

‎ئەو شارەزایە باسی لەوەش كرد، رەشەبا یان بای بەهێز، لە دەرئەنجامی جیاوازی نێوان دوو سیستمی پەستان لە ناوچەیەكی پەستان بەرزەوە هەوا دەچێت بۆ ناوچەیەكی پەستان نزم، تا چەند جیاوازی ئەم دوو سیستمە بەهێز بێت، خێرایی با زیاد دەكات.

‎”ئەم شەپۆلی چالاكبوونەی با، بەهۆی كاریگەریی بەرزەپەستانی سیبیرییەوەیە، ساڵانە لەم كاتەدا كاریگەریی لەسەر ناوچەكانی هەرێم دەبێت، ئەم بارستەهەوایەیە جگە لە خێرایی با، هەوای ناوچەكەش سارد دەكات”، ئەمە بەقسەی ئاسۆ كەمال.

پێداچوونەوە: توانا نەقی

رەشەبا پێنج ستوونی کارەبای گوندی گوڵانی خست

رەشەبا پێنج ستوونی کارەبای گوندی گوڵانی خست