لە دهۆک
زەوى بۆ 17 کارگەى پیشەسازى تەرخان کرا
964+
وریا فەتاح
لیژنەى گەشەپێدان و پشتگیرىکردنى پیشەسازى دهۆک، رەزامەندی دا لەسەر تەرخانکردنى زەویى پێویست بۆ 17 کارگەى پیشەسازى، لە چوار ساڵى رابردووشدا زیاتر لە 400 کارگەى جۆراوجۆر لە دهۆک زەوى پێدراوە.
میللەت عیسمەت، سکرتێرى رۆژنامەوانیى پارێزگارى دهۆک بە 964ـى وت، “ئەمڕۆ بە سەرپەرشتى پارێزگارى دهۆک، لیژنەى گەشەپێدان و پشتگیریکردنى پیشەسازى، دواى هەڵسەنگاندن بڕیار درا بە تەرخانکردنى زەویى پێویست بۆ 17 کارگەى پیشەسازى جۆراوجۆر”.
ئەو کارگانەى زەوییان بۆ تەرخانکراوە لە بوارەکانی قیرى شل، بەرهەمهێنانى شەربەت، دروستکردنى بەرهەمى پلاستیکى، جلوبەرگ، پڕکردنەوەى بوتڵى غازى شل، دروستکردنى بۆڕى ئاسن، دیکۆرى خانوو، بەرهەمهێنانى بەستوو و چەند جۆرێکى دیکە کار دەکەن.
بە وتەى میللەت عیسمەت، سەرجەم ئەو کارگانە کەرتى تایبەتن و بە پێى یاساى پێدانى زەوى داواى زەوییان کردووە و هەموو باج و رسوماتێکیان دەکەوێتە سەر، لەمڕۆشەوە دەتوانن دەست بە کارکردن بکەن.
وەک ئەوەى سکرتێرى رۆژنامەوانیى پارێزگارى دهۆک باسى دەکات، لە سەردەمى کابینەى نۆى حکومەتى هەرێمدا، تەنیا لە دهۆک زەوییان بۆ زیاتر لە 400 کارگە تەرخان کردووە.
هەرچەندە ئامارێک لەبەردەست نییە چەند کارگە دەستیان بە کارکردووە و چەند هەلی کاریان رەخساندووە، بەڵام میللەت عیسمەت دەڵێت: بەشى زۆریان تەواو بوون و بەشێکیان لە کۆتایدان، بۆ ئەوەى دەستبەکارکردن بکەن و ژمارەیەکى زۆرى هەلی کاریان رەخساندووە.