حاسڵاتی ئەم نیوەڕۆیە

بەریتانیا: پێویستە شەڕ لە غەزە بوەستێت

964+
ژووری هەواڵ

وەزیری دەرەوەی بەریتانیا رایگەیاند، پێویستە دەستبەجێ شەڕ رابگیرێت، بۆ دڵنیابوون لە ئازادکردنی دیلەکان و هاتنە ناوەوەی هاوکارییە مرۆییەکان بۆ کەرتی غەزە.

وەزارەتی دەرەوەی چین لە راگەیاندراوێکدا دەڵێن: پێویستە واشنتۆن رێوشوێن بگرێتەبەر تا رۆڵی بنیاتنەر بگێڕێت، لە کۆتاییهێنان بە شەڕەکەی حەماس و ئیسرائیل و کەمکردنەوەی قەیرانی مرۆیی.

نووسینگەی نەتانیاهۆ دەڵێت: سوپای ئیسرائیل پلانێک پێشکەشی ئەنجومەنی جەنگ دەکات، بۆ چۆڵکردنی ناوچە جەنگییەکانی کەرتی غەزە لە دانیشتووان و بەردەوامکردنی ئۆپەراسیۆنەکانیان دژی حەماس.

یۆئاڤ گالانت وەزیری بەرگری ئیسرائیل وتی، ئۆپراسیۆنەکانی ئیسرائیل لەدژی حیزبوڵڵا لە لوبنان بەردەوام دەبێت، تەنانەت ئەگەر رێکەوتن لەسەر ئاگربەست و ئازادکردنی دیلەکانیش لە غەزە بکرێت.

نووسینگەی راگەیاندنی حکومی لە غەزە دەڵێت: سوپای ئیسرائیل 19 جۆر تاوانی جەنگ و تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی لە کەرتی غەزە ئەنجامداوە.

کۆمیساری رێکخراوە ئەونروا رایگەیاندووە: دوایین جار کە توانیمان هاوکاری خۆراک بگەیەنینە باکووری کەرتی غەزە لە 23ی کانوونی دووەم بووە، دەشڵێت لە ئێستادا داواکارییەکانمان بۆ ناردنی هاوکاری خۆراک رەتکراوەتەوە.