لیمۆ شرینەکەی خانەقین تۆ خۆش
+964
زینوێ راوی- هەولێر
لیمۆ شیرینەکەی خانەقین بەرەو لەناو چوون دەچێت، پێشتر هەناردەی دەرەوە دەکرا ئێستا بەشی خۆیانیش ناکات.
هاوشانی خورما و لیمۆ، لیمۆی شیرین یەکێکە لەو بەرهەمانەی کە خانەقینییەکان شانازی پێوە دەکەن، پێشتر بەرهەمی ساڵانەیان دەگەیشتە 200 بۆ 300 تۆن، کەچی ئێستا بە 36 باخەوە تەنیا 600 کیلۆ بەرهەم دەهێنن.
ئومێد جاوید بەگ، یەکێک لە باخدارەکانە دەڵێ: خانەقین 226 باخی لیمۆی شیرینی لێ بوو، بەڵام دوای رووخانی رژێمی بەعس 190 باخی سوتینراو زیانێکی زۆری بە ژینگە و سروشتی شارەکە کەوت .
+964 دەزانێت لە خانەقین جگە لە بوونی ئەو 226 باخی لیمۆی شیرینە، ئەوا نزیکەی 700 باخی خورماش هەبوون، لە ناوچەی باوەمەحمویی تا باوە پڵاوی، یەک پارچە باخ و سەوزایی بوو.
ئومێد جاوید بەگ دەڵێ: سیاسەتی تەعریب و هاوردەی عەرەب، ئەو باخانە لە ناوچوون و بەرهەمی لیمۆ شرینە بە یەکجاری نەما.
“ئەوەی ماوە ئەویش لە چەند باخێکی ناوشارەو بەرهەمەکەی ناگاتە 500 کیلۆ”. ئومێد جاوید بەگ، وای وت.
خانەقین لەگەڵ ئەوەی لیمۆ شیرینەکەی هەناردەی دەرەوەش دەکرد، کەچی ئێستا بازاڕەکەی پڕ بووە لە لیمۆی شیرینی شیراز و قەسر شیرین و سەرپێل و زەهاو. بەڵام ئومێد جاوید بەگ دەڵێ: ئەوانە ئەو تام و لەزەتەی جارانی نییە.
لیمۆ شرینە وەک خانەقینیەکان دەڵێن، لە بازاڕدا کیلۆی بە چوار هەزارو 750 دینارە.
ئەو لیمۆیە، لە ئەنجامی موتوربەکردنی پرتەقاڵ و نارنج بەرهەم دێت.