دهۆک گرێبەستی لەگەڵ چوار یاریزانی نوێ واژوو کرد

+964

هیڤی دێوالی – دهۆک

بۆ بەهێزکردنی ریزەکانی، یانەی دهۆک گرێبەستی لەگەڵ چوار یاریزانی نوێ واژوو کرد.

یانەی وەرزشی دهۆک، گرێبەستی لەگەڵ چوار یاریزان کردووە کە سێ لەوانە عەرەبن بە ناوەکانی حوسێن نەجم، عەباس ماجد- ئەموری عیدان، عیماد عیسا، تاکە یاریزانە کوردەکەیەو خەڵکی زاخۆیە.

شڤان محمد یوسف، بەرپرسی راگەیاندنی یانەی وەرزشی دهۆک بە 964+ـی راگەیاند: ئامانج لەو گرێبەستانە بۆ بەهێزتر کردنی ریزەکانی یانەکەیە بۆ قۆناغی دووەمی خولی نایابی عێراقی.

+964 زانیاری ئەوەی وەرگرتووە کە هەردوو یاریزان حوسێن نەجم و عەباس ماجد، لە باڵی راست و چەپ یاری دەکەن، هەرچی ئەمورییە لە ناوەڕاست یاری دەکات، بەمەش دهۆک لەو گرێبەستانەیدا دەیەوێت هێڵی ناوەڕاستی تۆکمە بکات.

 تاکە یاریزانە کوردەکەی زاخۆ، دەبێتە گۆڵپارێزی یانەکەو دەیەوێت بە بەرگری کردن لە تۆڕەکەی یانەی دهۆک بخاتە ریزی پێشەوەی ریزبەندی خولی نایابی عێراق.

هەر چوار یاریزانەکە تەنیا بۆ نیو وەرزی خولەکە گرێبەستیان لەگەڵ واژوو کراوە. وەک شڤان محەمەد دەڵێ، ئەگەر لە کۆتایی وەرزەکە ئەو یاریزانانە توانیان شوێن پێی خۆیان بکەنەوە ئەوا دەمێننەوە.