باڵەخانەی دادگای باڵای فیدڕاڵی عێراق _ وێنە: راگەیاندنی دادگا
سکاڵاکاران هەڵوێستیان چییە؟
پارێزەرانی حکومەتی هەرێم داوای دواخستنی دانیشتنی دادگایان کردووە
964+
ئەحمەد مستەفا
دادگای باڵای فیدڕاڵی عێراق، دانیشتنی خۆی بۆ بڕیاردان لەسەر سکاڵای راگرتنی پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بۆ 17.3.2024 دواخست، یەکێک لە سکاڵاکاران دەڵێت، دەرفەتێکە و بە حکومەتی هەرێمی کوردستان دراوە.
دواخستنی دادگاییەکە لەسەر داوای پارێزەرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بووە بۆ ماوەی 20 رۆژ.
دڵشاد میرانی، مامۆستا و یەکێک لە سکاڵاکارانی پلە بەرزکردنەوە بە 964ی وت، پارێزەرەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە دانیشتنی ئەمڕۆی دادگادا، داوای دواخستنی دانیشتنەکایان کردووە، ئێمە پێمان وایە، حکومەتی هەرێمی کوردستان پێش بڕیاری دادگا خۆی دەیەوێت هەنگاوی کرداری بۆ بەرزکردنەوەی پلەی مامۆستا و فەرمانبەران بنێت.
ئەو سکاڵاکارە وتی، ئەگەر حکومەتی هەرێمی کوردستان خۆی بچێتە ژێرباری پلە بەرزکردنەوە، “ئەوە بە ئەمر و ئیجباری پێی ناکرێت”، ئەگینا بڕیاری راگرتنی پلە بەرزکردنەوە نا دەستورییە و دادگای فیدڕاڵی دەتوانێت هەڵیبوەشێنێتەوە.
بۆ سکاڵای دەستپێکردنەوەی پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەران دادگای فیدڕاڵی کۆدەبێتەوە
پێشتر، سکاڵاکاران بۆ هەڵوەشاندنەوەى راگرتنى پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەرانى هەرێمى کوردستان، کە ژمارەیان نۆ کەسە کورتە ڤیدیۆیەکیان بڵاوکردەوە و هیوای ئەوەیان خواست دادگای فیدڕاڵی لە بەرژەوەندی ئەوان بڕیار بدات.
لە ساڵى 2015ـەوە حکومەتى هەرێمى کوردستان پلەبەرزکردنەوەى فەرمانبەرانى مەدەنى راگرتووە، هۆکارەکەى بۆ قەیرانى دارایی دەگەڕێنێتەوە، کە ئەوکات بەغداد بودجەى هەرێمى کوردستانى راگرت و 10 ساڵە کێشەکە چارەسەرنەکراوە.
رۆژی چوارشەممەی رابردوو، لە بڕیارێکی دا دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق بڕیاریدا هەرێمی کوردستان بەسەر چوار بازنەی هەڵبژاردندا دابەشبکرێت و ژمارەی کورسییەکانی پەرلەمانیش بۆ 100 کورسی کەمبکرێنەوە.